عەورەت، وەک جوگرافیای کەوتنی پیرۆزیەکان

توێژینەوە و شیکاریی

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 60 جار خوێندراوه‌ته‌وه

د. ئەمیر حسێن
له‌ بەرە بەیانی مێژوەوە، مرۆڤ لە جەنگێکی سەخت و بەردەوامدایە، بۆ ڕاکردن لە دۆخی سروشتیی .

تاکە بونەوەرە لە سروشتی بایۆلۆژیی ڕوتی خۆی ناڕازیە، هەر بۆیە دەستی کردوە بە هۆنینەوەی حیکایەتی ئەفسوناوی لە دەوری خۆی، دەرون و جەستەی بە هیلالێکی پیرۆزی میتافیزیكی گەمارۆ داوە.

تەنانەت ئاسمانی داهێنا بۆ ئەوەی قوڵاییەکی بێ دوایەکی پێ ببەخشێ، لەپێناو پراکتیزەکردنی خەونی هەمیشەیی فڕین، تیۆرو میتۆدە جۆراو جۆرەکانی فەلسەفەی تێکهەڵکێشا، تا (ئاوەزی پەتی) بکاتە جەوهەری بون و مانەوەی، ئایینەکانی دامەزراند، تا خۆی قەناعەت پێ بکات، جێگرەوەی خوداکان و سێبەری ئەوانە لەسەر زەوی. وەک بڵێی مێژوی مرۆڤایەتی، تەنها هەوڵێکی بێهودە و بەردەوامە بۆ کپ کردن و بێلایەن کردنی، ئەو ئاژەڵە برسیەی لە ناخیدا خۆی مات کردوە .
 کارەساتەکە لەوەدایە، مرۆڤ هەرچەندە بە خەیاڵ بڵند بفڕێ، لەناو دونیای ئەبستراکتەکاندا، هێشتا دەستەپاچەیە، بەتایبەت بەرامبەر جێ هێشتنی یەکەم گۆڕستانی وجودی، کە خودی(جەستەیەتی) . جەستە تەنها دەفرێکی کاتی نییە بۆ ڕۆح، یان ئامرازێک بێت بەدەست عەقڵەوە، وەک ئەوەی فەیلەسۆفە ئایدیالستیەکان بانگەشەیان دەکرد، بەڵکو جەستە کەللەڕەقترین و سەرسەختترین حەقیقەتی وجودی ئێمەیە، ئەو کۆت و پێوەندە ماتریاڵەیە بۆ هەرکوێ بڕۆین بەکۆڵمانەوەیە، لە هەمان کاتدا، ئەو ئاوێنە ئابڕوبەرە شەرمەزارکەرەی وجودمانە، بەتایبەت کاتێک هەوڵی نکۆڵیکردنی بدەین.
لێرەوە فردریک نیچە بزمارێکی ژەنگاوی لە ژێر چەنەگەمان دادەکوتێ کاتێک دەڵێت:
( بەر زگ، « ناو گەڵ » ئەو شوێنەیە ڕێگری لە مرۆڤ دەکات بۆ ئەوەی بە ئاسانی خۆی بە خودا بزانێت ).
ئەم وشانە لە تێڕوانینی یەکەمدا، وەک نوکتەیەکی گاڵتەئامێز دەردەکەون، بەڵام لە جەوهەریاندا، وەشانی کوتکێکی ڕەخنەی فەلسەفیە، ئاڕاستەی هەزاران ساڵی لەخۆبای بونی مرۆڤ کراون. ئەوەتا هەموو پڕۆژەکانی باڵابونی ڕوحی و ئەخلاقی، لەبەردەم ڕاستییەکی بایۆلۆژی سادەدا تێکدەشکێن و دەڕوخێن: مرۆڤ بوونەوەرێکە مەیل و غەریزەکان فەرمانڕوایی دەکەن، هەرگیز ناتوانێ سازشیان لە بەرامبەردا بکات. کرۆمۆسۆمەکان تیۆرەکانی فەلسەفەی ئەخلاق ناخوێننەوە، تینوێتی ڕێز لە بیروباوەڕ ناگرێت و تێی ناگات، ئارەزوی سێکس و هەوەس بازی شەرم ناکات، تا ڕێزو حورمەت وەک پاساو بۆ ئەو قسەو باسە ئەخلاقیانە بێنێتەوە، هۆشی مرۆڤ لەسەر پێوەرەکانی کبریا و لوتبەرزی خۆی دایتاشیون.
لەبەر ئەوەی ئەم دژایەتییەی نێوان (بانگەشەی ڕۆحی) و (حەقیقەتی بایۆلۆژی)، بارێکی دەرونی قورس دەخوڵقێنێ، تا لە ئەنجامدا دەستەیەک دەرکەوتن، ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەم وەهمەیان گرتەئەستۆی خۆیان: پاسەوانانی پەرستگا و کلێساکان، بەشێک لە پیاوانی ئاینی ساختەچی فێڵباز. ئەوانەی زوو لە سروشتی ئەم درزە مرۆییە تێگەیشتن، بەڵام نەک هەوڵی چارەسەرکردنیان نەدا، بەڵکو هەوڵی قۆستنەوەیان دا. تەنانەت بوون بە (ئەندازیاری پاساوهێنانەوەو نکۆڵیکردن)، بەڵێنی ئاسمانی و بەرماڵی لێخۆشبونیان دەفرۆشت، کە وەهم بە مرۆڤ دەبەخشێت، گوایە مرۆڤ بوونەوەرێکی فریشتەیە، بە مەرجێک لە ڕوناکیدا جەستەی خۆی سەرکوت بکات، لە کاتێکدا خۆیان لە پشت پەردە ئەستورو چاتە نهێنی و داخراوەکان، سەرقاڵی تەسلیم بونی کوێرانەن بە (هەوەس بازی).
مەترسی ئەم ساختەچی و فێڵبازانە لەوەدایە، سەرەتا پێکهاتەی بایۆلۆژی مرۆڤیان گۆڕی بۆ (گوناه و عەورەت)، پێداویستی سروشتیان کردە (حەرام و شەرمەزاری)، بۆ ئەوەی مرۆڤ هەمیشە لە دۆخی هەستکردنی بەردەوام بە تاواندا بژیت، ئەم هەستەش پاشکۆیەتی ڕەها بۆ دامەزراوەی ئایینی مسۆگەر دەکات.  داوا لە عەوام دەکەن، لە دونیای ماددی دور بکەوێتەوە، لە کاتێکدا سەروەت و سامانی خۆیان ڕۆژ بەڕۆژ قەبەتر دەبێت، ئارەزوەکانیان لە تاریکیدا تێر دەکەن، لە پشتی پیرۆزترین گوتارەکانەوە، ئارەزویەکی شێتانە بۆ دەسەڵات خوازی و تێرکردنی غەریزەکان خۆی حەشار داوە.
مرۆڤ ڕاهاتووە خۆی لە ڕێگەی خەسڵەتە باڵاکانی نمایش بکات: عەقڵ، ئاگامەندی، داهێنانی هونەری و فەزیلەتەکانی زمان. بەڵام هەمیشە چاوی دادەخات لە ئاست خاڵی لاواز و فشۆڵی خۆی. وەک پاشایەکی گەمژە وایە، شانازی بە تاجە زێڕینەکەیەوە دەکات، بەڵام لەبیری دەکا هەمیشە ئەگەری لەدەستدانی هەیە، یان دەشێت لە چرکەیەکدا نەخۆش بکەوێت، چونک دواجار جەستەی مەحکوومە بە ڕزین و لەناوچون، ئەوەتا مردن لە گۆشەیەکی ڕێگاکەدا کەمینی بۆ داناوە. لەم سۆنگەیەوە، نیچە پێی وایە کلتورو ئەخلاقیی شارستانی مرۆیی لەسەر بنەمای (ڕق لێبونەوەی جەستە) و تاوانبارکردنی دامەزراوە، لە بەرامبەر بەرز ڕاگرتنی ڕۆحی ئەبستراکدا، ئەمەش بۆتە هۆی دابەش بونێکی وجودی توند، یان جۆرێک لە دەستکێشانەوە و بێباکی . لەگەڵ ئەوەشدا، جەستە هەمیشە بە بێدەنگی و بە شێوازێکی کارەساتبار تۆڵەی کەرامەتی خۆی دەکاتەوە.
لە پشت قووڵترین میتۆدە فەلسەفییە موجەڕەدەکان و دروشمە ئەخلاقییە بریقەدارەکاندا، پاڵنەرە دەرونیە غەریزییە زۆر سەرەتاییەکان خۆیان حەشار داوە: ئارەزووی دەسەڵاتی ئەبەدی، لە پاڵیدا گەڕان بەدوای دابینکردنی پێداویستیە بایۆلۆژیەکاندا. نیچە هێرشی نەدەکردە سەر ئایین، یان ئەخلاق، تەنها لە پێناو ڕوخاندا، بەڵکو (وەهمە گەورەکەی) هەڵدەوەشاندەوە: وەهمی ئەو بونەوەرەی پێی وایە: دەتوانێت بەسەر سێبەرەکەی خۆیدا باز بدات، سروشتە زەمینیەکەی ڕەت بکاتەوە .
ئەگەر سەیری سەردەمی هاوچەرخی خۆمان بکەین، بەڕونی دەبینین ئەم وەهمە لەبەین نەچووە، بەڵکو خۆی لە قاڵبێکی مۆدێرنی تەکنەلۆژیدا نوێ کردۆتەوە . زانست ئەمڕۆ بەڵێنی (خودایەتی) بە مرۆڤ دەدات، ئەوەتا ژیریی دەستکرد چۆن یاری بە خەونەکانی (نەمری دیجیتاڵی) مان دەکات، ئەمانە تەنها درێژکراوەیەکی مۆدێرنی شەهوەتی ڕزگاربونن، لە چنگی جەستە. بەڵام واقیع بەردەوامە لە پێکەنینە تانەئامێزەکەی، ئەوەتا ئەو بونەوەرەی پلان بۆ داگیرکردنی مەریخ دادەنێت، هێشتا دەستەپاچەیە لە کۆنترۆڵکردنی مەیلە هەوەس بازو دوژمنکارییەکانی، ئەوەی ئاڵۆزترین لۆگاریتمەکان دروست دەکات، هێشتا  زۆر جار شەڕ هەڵدەگیرسێنێت، بەهۆی دەمارگیریە غەریزەییەکانیەوە، ئەوەی خەونی بەزاندنی مردن و تەمەنی ئەبەدی دەبینێت، ترازانێکی بایۆلۆژیی ڤایرۆسی، کە بە چاوی ڕووت نابینرێت، شیمانەی هەیە لە هەر چرکەیەکدا لە ناوی بەرێت .
   کارەساتی ڕاستەقینەی مرۆڤ لەوەدا نییە بونەوەرێکی لاوازە، بەڵکو لە نکۆڵیکردنی درێژخایەندایە بۆ ئەم لاوازییە. پێداگرە لەسەر دروستکردنی پەیکەری پیرۆز بۆ خۆی، پاشان تووشی سەرسوڕمان و شۆک دەبێت، لە هەر جارێکدا سروشت دەیگەڕێنێتەوە بۆ قەبارە ڕاستەقینەکەی . لێرەوە، حیکمەتی ڕاستەقینە لە ستایشکردن و ئیدیعای خودایەتیکردنی مرۆڤەوە دەست پێناکات، بەڵکو لە تێکشکاندنی ئەو بتە عەقڵییانەوە دەست پێدەکات، وەک چەپەر بەدەوری خۆیدا دایکوتاون .
ئامانجی فەلسەفە زەلیلکردن و نابوتکردنی مرۆڤ نیە، بەڵکو ڕزگارکردنیەتی لەو وەهمانەی بەسەریدا سەپێنراون، تەنانەت لەلایەن فەیلەسۆفە ئایدیاڵیستەکانەوە بێت یان پیاوانی ئایینی بەرژەوەند خوازەوە . مرۆڤ مەزنیی خۆی بەدەست ناهێنێتەوە، هەتا بە خەیاڵیش خۆی وەک بونەوەرێکی نورانی ببینێ، بەڵکو کاتێک ئازایەتی وجودی بۆ دەگەڕێتەوە سەیری خۆی وەک ئەوەی کە هەیە بکات : بونەوەرێک توانای سنوردار، لاواز و فشۆڵ، ڕاگوزەر لەم دونیا، مەحکوم بە یاساکانی ماددە، کات وشوێن، ژیان و مردن . تەنها دان بنێ بە سنوری تواناکانیدا، ئەوکات لە سەرچاوەیەک بۆ هەستکردن بە شەرمەزارییەوە، دەگۆڕێت بۆ خاڵی دەستپێک بەرەو چاکەو شکۆی مرۆیی.
 (بەر زگ ، ناو گەڵ) تەنها جوگرافیایەک نییە لە جەستەدا، بەڵکو دەکرێ بڵێین: هێمایەکی فەلسەفییە بۆ کەوتنی هەموو بانگەشە خودایی و پیرۆزیە ساختەکان، بیرخستنەوەیەکی بەردەوام و توندە کە مرۆڤ : هەرچەندە سەری بەرەو ئەستێرەکان بڵند بکات و هەوڵبدا لەناو منارەکانی ئاسماندا هێلانە دابنێ، بەڵام هێشتا تۆزو خۆڵی ئەو خاکەی لە سەری وەستاوە لەهەناویدا هەڵدەگرێت .