شارپرێس:
ململانێی نێوان دۆلاری ئەمریکی و یوانی چینی لە کێبڕکێیەکی ئاسایی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەوە گۆڕاوە بۆ جەنگێکی قووڵ و فرەڕەهەند کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێڕەوەکانی بازرگانی، شێوازی قەرزکردن، و یەدەگی بانکە ناوەندییەکانی جیهان هەیە.
ئەم هەنگاوانەی چین وەک "جەنگێکی بێدەنگ" بۆ گۆڕینی بنەڕەتی سیستەمی نەختینەیی جیهانیی وەسف دەکرێن.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە 23ی حوزەیرانی 2026، دۆلاری ئەمریکی بەهۆی پێشبینییەکان بۆ بەردەوامی سیاسەتی توندی بانکی فیدراڵیی و بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود، بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا تۆمارکردووە.
هێزی دۆلار تەنها لە بەهای خۆیدا نییە، بەڵکو لەو تۆڕە فراوانەی متمانە و قووڵیی بازاڕە داراییەکانی ئەمریکادایە کە گۆڕینەوەی بۆ هەر دراوێکی تر کارێکی ئاڵۆز و تێچووخێرا دەکات.
لە بەرامبەردا، چین کە دووەم گەورە ئابووری جیهانە، هەوڵەکانی بۆ جیهانییکردنی یوان چڕکردۆتەوە. لە کۆڕبەندی دارایی "لوجیازوی" لە شەنگەهای، بانکی گەلی چین ڕێگەی بە 6 بانکی گەورەی حکومی دا بۆ ئەنجامدانی مامەڵە بە "یوانی دەرەکی" لە ناوچەی بازرگانیی ئازاددا.
هەروەها ئامرازی نوێی "FIMA RMB Repo" ناسێنرا کە ڕێگە بە بانکە ناوەندییە بیانییەکان دەدات لە کاتی پێویستدا، بە بارمتەکردنی قەواڵە چینییەکانیان نەختینەی یوان وەربگرن، بەبێ ئەوەی ناچاربن قەواڵەکان بفرۆشن.
سەبارەت بەم گۆڕانکارییانە، دکتۆر محەمەد عەتەیفی ئاماژە بەوە دەکات کە سەرڕای زیادبوونی پشکی یوان، بەهۆی سنووردارکردنی جوڵەی سەرمایە و دەستوەردانی حکومەت لە دیاریکردنی بەهای دراوەکەدا هێشتا ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمدایە، چونکە دۆلار سیستەمێکی کراوە و شەفافی هەیە بە پێچەوانەی یوانەوە.
هاوکات کریستین لاگارد، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەوروپا، هۆشداری دەدات کە بەهای یوان بە ڕێژەی 15% بۆ 16% کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی خەمڵێندراوە، ئەمەش وەک ئامرازێکی چینی بۆ هەرزانکردنی هەناردە و زیان گەیاندن بە پیشەسازیی ئەوروپا دەبینرێت.
لە کۆتاییدا، پسپۆڕان پێیان وایە لە مەودای مامناوەندا یوان نابێتە جێگرەوەی تەواوی دۆلار، بەڵکو جیهان بەرەو سیستەمێکی "فرە جەمسەری" هەنگاو دەنێت کە تێیدا دۆلار لە پێشەنگدا دەمێنێتەوە، بەڵام یوان و یۆرۆ ڕۆڵی زیاتر لە مامەڵەکانی وزە و بازرگانییە هەرێمییەکاندا دەبینن.
دەشڵێن؛ سەرکەوتنی درێژخایەنی یوان بەندە بەوەی تا چەند چین دەتوانێت متمانەی بانکە ناوەندییەکان بەدەستبهێنێت و بازاڕەکانی بەڕووی جیهاندا بکاتەوە بەبێ تێکدانی سەقامگیریی ناوخۆیی.