ئەمریکا بەناوی شەڕی گەندەڵییەوە بنبڕکردنی هەژموونی ئێران لەعێراق دەستپێدەکات

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 264 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

دەیڤید دیسرۆش، مامۆستای یاریدەدەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی نزیک و باشووری ئاسیا و بەرپرسی پێشوو لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، دووپاتی کردەوە کە واشنتۆن هەڵمەتی ئەم دواییەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا بە هەنگاوێکی پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی کاریگەرییەکانی ئێران دەزانێت.

دیسرۆش کە پێشتر پۆستی هەستیاری لە پنتاگۆن و کۆشکی سپی هەبووە، ڕایگەیاندووە کە "چاوەڕوانییەکی نەوتراوی ئەمریکی هەیە کە کەسایەتییە سیاسی و ئەمنییەکانی پەیوەست بە تاران دەبێت لە گۆڕەپانی عێراق دووربخرێنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "واشنتۆن لەمێژە گەندەڵی بەربڵاوی بە تایبەتی ئەو گەندەڵییەی کە ئێران پشتیوانی دەکات، بە بەربەستێکی ڕاستەقینە دەزانێت لە بەردەم دامەزراندنی پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان عێراق و ئەمریکا. عێراق وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری سنووردار سەیر دەکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت، تەحەدای خودی ئیرادەی دەوڵەت دەکەن. بۆیە هەر هەنگاوێک کە خواستی ڕاستەقینە پیشان بدات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی گشتگیر  لەناو سیستەمەکەدا لە واشنتۆن زۆر پێشوازی لێدەکرێت”.

ناوبراو هۆشداریی دا لە ئەگەری کاردانەوەی ئەمنی، کە لەوانەیە پاڵ بەو کەسانەوە بنێت کە زیانیان بەرکەوتووە، حکومەتی عێراق بەرەو ناسەقامگیری ببەن.

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا وتی: نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەم هەڵمەتە حکومەتی عێراق ناسەقامگیر بکات، ئێمە لە لوبنان بینیومانە کە سوپای پاسدارانی ئێران لە لوبنان، هەڕەشەی ئەوە دەکەن هەموو وڵاتەکە بخەنە ناو ئاژاوەوە ئەگەر هەست بکەن بەرژەوەندییەکانی ئێران مەترسی لەسەرە.

دیسرۆش دەڵێت: ئیدارەی ترەمپ بە جددی بیر لە بنبڕکردنی چالاکی خراپی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانی پەیوەست بە ئێران دەکاتەوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە “دوای لەناوچوونی وردە وردەی حزبوڵای لوبنان، میلیشیا جۆراوجۆرەکانی عێراق ئێستا بوونەتە بەهێزترین بەش لەم سیستەمە ئێرانییە”.