شارپرێس:
وەزارەتی کارەبا و
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایدەگەیەنن، پرۆژەیەكی
گرنگی ستراتیژی بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسلێمانی جێبەجێ كرا.
هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان لەڕاگەیەنراوێکی
هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەکرد،" تیمە تەكنیكییەكانی
هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی هەردوو
كۆمپانیای كار و داناگاز لە ماوەی شەش کاتژمێردا توانیویان بە سەركەوتوویی بۆریی
نوێی گازی كێڵگەی كۆرمۆر بە وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای سلێمانی ببەستنەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" وەزارەتی كارەبا بە پشتبەستن بە وێستگەكانی
دیكەی كارەبا نەیهێشت لەكاتی بەستنەوەی بۆرییە نوێیەكە و راگرتنی بەرهەمهێنانی كارەبا
لە وێستگەی سلێمانی، كاریگەرییەکی ئەوتۆ بكاتە سەر ماوەكانی پێدانی كارەبا".
بەپێی راگەیەنراوەکە، بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی
كارەبای سلێمانی زیاد دەکرێت. دەستخۆشی لە تیمە تەكنیكییەكان هەردوو وەزارەت و كۆمپانیای
داناگاز دەكەین بۆ جێبەجێكردنی ئەم پرۆژە گرنگە.