شارپرێس:
ئابووریی جیهان لە ئێستادا لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگدایە، ئەویش بەهۆی خێرابوونی پرۆسەی پیربوونی دانیشتووان و بەرزبوونەوەی تەمەنی تێکڕای مرۆڤەکان، ئەم دیاردەیەش هەم وەک ئاڵنگارییەکی گەورە بۆ سەر سیستەمەکانی تەندرووستیی و بازاڕی کار دەردەکەوێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی "کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی" بە هاوکاریی دامەزراوەی "مارش و مێرسەر"، ئەم زیادبوونی تەمەنە ئەگەر وەک وەبەرهێنانێکی ستراتیژیی سەیر بکرێت نەک وەک بارگرانییەکی دارایی، دەتوانێت دەرفەتێکی ئابووریی گەورە بە بەهای ترلیۆنان دۆلار بڕەخسێنێت.
ڕاپۆرتەکە کە پشتی بە شیکارییەکانی 21 وڵات بەستووە، دووپاتی دەکاتەوە کە گرێدانی نێوان تەندروستیی جەستەیی و توانای دارایی تاکەکان، جیهان لە قەیرانی توندی ئابووریی دەپارێزێت و دەبێتە بزوێنەری سەرەکیی گەشەی ئابووریی لە دەیەکانی داهاتوودا.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە سێ هەنگاوی سادە و کەم تێچوو دەکات کە دەتوانن بودجەی تەندرووستیی جیهانیی ڕزگار بکەن و زیاتر لە 5.8 ترلیۆن دۆلار پاشکەوت بکەن، لەگەڵ زیادکردنی 645 ملیار دۆلاری دیکە بۆ بەرهەمهێنان تا ساڵی 2040.
یەکەمین هەنگاو بریتییە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی سادە لە ناوماڵدا، وەک جێگیرکردنی دەسکی پاڵپشتی و باشترکردنی ڕووناکیی لە ڕێڕەوەکاندا؛ ئەم ڕێوشوێنە خۆپارێزییە دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە نزیکەی 400 ملیۆن حاڵەتی کەوتنی بەساڵاچووان لەسەر ئاستی جیهان تا ساڵی 2040، ئەمەش جیا لە پاراستنی سەربەخۆیی ئەوان، نزیکەی 5.4 تریلیۆن دۆلار لە تێچووی چاوەدێریی پزیشکیی پاشکەوت دەکات.
هەنگاوی دووەم بریتییە لە زیادکردنی چالاکیی جەستەیی مامناوەند بۆ تەنیا 2 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا، کە یارمەتیدەر دەبێت لە ڕێگریکردن لە تووشبوونی نزیکەی 8.5 ملیۆن حاڵەتی نوێی نەخۆشیی شەکرە لە جۆری دووەم تا ساڵی 2040، ئەمەش خەرجییە دەرمانییەکان کەم دەکاتەوە و بەردەوامیی هێزی کار لە بازاڕدا دەستەبەر دەکات.
هەنگاوی سێیەمیش فراوانکردنی دابینکردنی ئامێری بیستنی پزیشکییە بۆ بەساڵاچووان، کە ڕێگری لە تووشبوونی 2.4 ملیۆن حاڵەتی تێکچوونی عەقڵی وەک زەهایمەر دەکات تا ساڵی 2040 و بارگرانییە دارایی و دەروونییەکانی سەر شانی خێزانەکان و سیستەمی تەندرووستیی سووک دەکات.
ڕاپۆرتەکە ڕەخنە لەو تێڕوانینە کۆنە دەگرێت کە بەرزبوونەوەی تەمەن تەنیا وەک قەیرانێک دەبینێت کە سندوقەکانی خانەنشینی دادەپۆشێت و جەخت دەکاتەوە کە تێکەڵکردنی دۆسیەی تەندرووستیی و سامانی دارایی پێکەوە، ئەو ساڵە زیادانەی تەمەنی مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ وزەیەکی بەرهەمهێنی گەورە کە پاڵپشتیی بازاڕەکان دەکات.
لەکۆتاییدا ڕاپۆرتەکە دووپاتی دەکاتەوە کە بەستنەوەی چاوەدێریی تەندرووستیی بەردەوام بە پلاندانانی دارایی درێژخایەن، ستراتیژییەکی بنەڕەتییە بۆ گۆڕینی "تەوژمی پیربوون" بۆ سەردەمێکی زێڕینی ئابووریی جیهانی.