شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابوری عێراق لەگەڵ شاندی هەرێم كوبوەوەو بڕیاریاندا لژنەیەكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا پێكبهێنرێت.
ئەنجومەنی وزاری عێراق لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند، بڕیاردرا بەپێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش، بەسەرۆکایەتیی دەسەڵاتی دەروازە سنورییەکانی فیدراڵی و نوێنەری دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێم بۆ ئەنجامدانی ڕوپێوییەکی گشتگیر لەهەرێمی كوردستان و سەردانی دەروازە نافەرمییەکان و خاڵەکانی چونە ژوورەوە لەهەرێم بكات.
هاوكات، بڕیار درا، وەزارەتی دارایی عێراق بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەهەرێم، ڕەشنوسێک یەکگرتوو ئامادە بکات کە تێیدا لێخۆشبون و دەرماڵەی گومرگی دیاری دەکات، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی پەسەند بکرێت و بۆ سەرجەم دەروازە سنورییەکان بگوازرێتەوە بۆ جێبەجێکردن.
لەكۆبونەوەكەدا، بڕیاریش لەوە درا، دوای تەواوبونی كارەكانی لیژنەكە، پێشنیارەکانی هەردولا سەبارەت بەمیکانیزمی کۆکردنەوەی داهات لەدەروازە سنورییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە بەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی.
ئەمە لەكاتێكدایە، زیاتر لەساڵێكە لەعێراق كار بەسیستمی ئەسیكۆدا لەدەروازە سنورییەكان دەكرێت و دەبێت لەهەرێمیش لەماوەی دوو مانگی داهاتودا بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
