دەستەی دەستپاکی لەدەرەوەی عێراق دەستی بەسەر بڕێکی زۆری پارەی دزراودا گرت

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 310 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق ئەمرۆ دووشەممە ڕایگەیاند کە توانیویانە دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەدا لە دەرەوەی وڵات بگرن، ئەمەش ڕێگری کردووە لەوەی تۆمەتبارانی گەندەڵی بتوانن ئەو پارانە بەکاربهێنن.

 
عەباس مەتەب، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گێرانەوە لە دەستەکە بە تۆڕی هەواڵی عێراقی "واع"ی راگەیاندووە کە فەرمانگەکەیان لە پێشەنگەکانی بواری گۆڕانکاری دیجیتاڵییە و ئێستا بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی داد کار دەکەن بۆ تۆمارکردنی داوای یاسایی مەدەنیی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو پارە دەستبەسەرداگیراوانە.

هەروەها ڕوونیکردۆتەوە کە بە هەوڵی سەرۆکی دەستەکە، محەمەد لامی و کارمەندانیان، سەرکەوتووبوون لە بلۆککردن و وەرگرتنەوەی پارەکان، باسی لەوەش کردووە کە تا ئێستا یاسایەکی گشتگیر نییە بۆ ڕێکخستنی پڕۆسەی وەرگرتنەوەی دارایی، بەڵام ڕەشنووسی یاسایەکی تایبەت بەم بابەتە ئامادەکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.

جەختیشی کردۆتەوە کە فەرمانگەی گێڕانەوە لەم ساڵدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە و چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا دەستکەوتی زیاتر ڕابگەیەنرێت.