شارپرێس:
سەرۆکی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای کۆبونەوەیەکی بەرفراوانی کردوەو بڕیارە سبەی لەدەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەبچێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، "ئێران داوای کۆبونەوەیەکی کردوەو سبەی ئەم کۆبونەوەیە لەدەوحەی پایتەختی قەتەر سازدەکرێت".
سەبارەت بەدۆخی ئابوری و بازاڕەکانی وزە، سەرۆکی ئەمریکا ڕونیکردەوە کە نرخەکانی نەوت لەدابەزیندان، بەشێوەیەک نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس (WTI) گەیشتوەتە 69 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و پێشبینی دەکرێت زیاتریش دابەزێت.
لەکۆتایی لێدوانەکەیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە لەئێستادا نرخەکانی نەوت زۆر نزمترن لەو ئاستەی کە پێش دەستپێکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمیی ئێران تۆماریان کردبوو.