شارپرێس:
مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لەگەڵ قەتەر ڕێککەوتووە لەسەر ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلاری پارە بلۆکەکراوەکانی تاران لە دەوحە.
پزیشکیان لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی ئەم ڕێککەوتنانە، ئەو بڕە پارەیە دەگەڕێنرێتەوە بۆ وڵات و ئێستاش کار لەسەر وەرگرتنەوەی بەشەکەی تری دەکرێت.
پێشتر سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە هاوکاریی قەتەر کار لەسەر میکانیزمێک دەکات کە ڕێگە بە تاران دەدات بەشێک لە پارە بلۆکەکراوەکانی بۆ کڕینی کاڵای مرۆیی بەکاربهێنێت.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە تیمە تەکنیکییەکانی ئێران و ئەمریکا بۆ جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، لە ڕۆژانی داهاتوودا لە دەوحە کۆببنەوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەک ڕایگەیاندووە کە ناوەندەکان کەناڵی پەیوەندییان بۆ کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکان لە کاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێکدا دروستکردووە.
هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لەم دانیشتنە تەکنیکییەدا باسی کێشەی گەرووی هورمزیش بکرێت، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بووە هۆی هێرشی بەرامبەر لە نێوان ئێران و ئەمریکادا و خەریک بوو ڕێککەوتنی ئاگربڕ و دانوستانەکانی داهاتووی نێوانیان بخاتە مەترسییەوە.