شارپرێس:
ڕاپۆرتێكی بەریتانی ئاشكرایدەكات، كەتۆم باراك نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لەدوا سەردانیدا بۆ عێراق هۆشداری توندی داوەتە بەرپرسان، كە دەبێت لەماوەیەكی كەمدا گروپە چەكدارەكان كۆنتڕۆڵبكات و هەژمونی ئێران بەسەر وڵاتەكەدا كەمبكرێتەوە، لەبەرامبەردا ئەمریكا دەست بەسەر داهاتی نەوتی عێراقدا دەگرێت.
ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی میدڵ ئیست مۆنیتەری بەریتانی، ئاشكرایكردوە، كە دیاریكردنی تۆم باراک لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە وەک نوێنەری تایبەت بۆ عێراق و سوریا و باڵیۆز لەئەنقەرە، تەنیا گۆڕانکارییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نییە.
وەک زانیارییەکان دەری دەخەن، لە ساڵی 2003ـەوە سەرجەم داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە هەژمارێکی تایبەت لەنیویۆرک و ساڵانە نزیکەی 13 ملیار دۆلاری کاش بەفڕۆکە دەگوازرێتەوە بۆ بەغدا.
ڕاپۆرتەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، ئەم فشارە داراییە توندەی ئەمریکا کاریگەریی خێرای لەسەر گۆڕەپانی عێراق هەبوە؛ موقتەدا سەدر هێزەکانی سەرایا سەلامـی هەڵوەشاندەوەو هەریەک لەعەسائیب و کەتائیبی ئیمام عەلیش ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت ڕاگەیاند.
دەشڵێت، هەرچەندە تۆم باراک پیرۆزبایی لەعەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوە بۆ هەنگاوەکان، بەڵام هۆشداریشی داوە کە ئەمە تەنیا سەرەتایەو کلیلی دۆلارەکە هێشتا لای ئەوانە.
ڕاپۆرتەکە ڕونی دەکاتەوە کە عێراق خاوەنی ڕەهای پارەکەی خۆی نییە بەو شێوازەی بیەوێت کاش ڕابکێشێت، بەڵکو حکومەتی عێراق مانگانە داواکاری پێشکەش بەلایەنی ئەمریکی دەکات بۆ ناردنی بڕە پارەیەکی دیاریکراو بەدۆلاری کاش (نەختینە) بۆ ناوخۆی وڵاتەکە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە کە جێبەجێکردنی سیستمی چاودێریی توند لەسەر حەواڵە دەرەکییەکان (سەکۆی ئەلیکترۆنی)، گواستنەوەی پارەی بۆ دەرەوەی عێراق خستووەتە ژێر مایکرۆسکۆپەوە.
بەگوێرەی شیکاریی ڕاپۆرتەکە، ستراتیژی نوێی ئەمریکا (کە لایەنی دیپلۆماسی و نوێنەرایەتی تایبەتی ئەمریکا سەرپەرشتی دەکات) بریتییە لەوشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران لەناوخۆی عێراقدا.