نوێترین پەیام لە پارتییەوە بۆ یەکێتی و نەوەی نوێ لەبارەی هاوپەیمانێتییەکەیانەوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 13875 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێمن هەورامی پەیامێکی لەبارەی رێککەوتنەکەی یەکێتی و نەوەی نوێ بڵاوکردەوەو دەڵێت،" ئێمە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنین و ئەگەر یەکێتی و نەوەی نوێ پێیان وایە کورسی زیاتریان هەیە با بێن بە زوترین کات کۆبونەوەی پەرلەمان بکەین و دانوستانەکانمان دەست پێ بکەینەوە".



هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت،" تەنها سەرچاوەی شەرعی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، دەنگی گەلەکەمانە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتی، ئازاد، بێگەرد و شەفافدا ".

ئەوەشیخستەڕوو،" هەر لە تشرینی دوەمی ڕابردودا، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار دەنگمان لە پێش هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێوە بوو پێکەوە لە هەرێمی کوردستان".

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتیی لەپەیامەکەیدا بۆ یەکێتی و نەوەی نوێ دەشڵێت، ئەگەر ئەوان پێیان وایە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، بۆچی ناوێرن لە ڕۆژانی داهاتودا لەگەڵمان بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە زوترین کاتدا؟ ئەگەر هەردولایان پێیان وایە کورسییەکانیان یەکسانە یان زیاترە لە پارتی، بۆچی بە ڕاستگۆیی نایەنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر هەموو شتێک لە ناو پەرلەماندا؟