نوسینگەی ئەحمەدی نەژاد ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز بە"درۆی هۆلیودی" ناودەبات

جیهان

59 خولەک پێش ئێستا‌ 2105 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسینگەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشوتری ئێران، ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باسیان لەوەدەکرد، دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی بەنهێنیی وەک سەرچاوەیەکی هەواڵگریی گەیاندویەتیە ڕیزەکانی خۆیی‌و پلانی داناوە دوای پرۆسەی گۆڕینی ڕژێم، وەک سەرکردەی نوێی ئێران دەستنیشانی بکات. 


نوسینگەکە لەبەیاننامەیەکدا ئەم بانگەشانەی بە"درۆی هۆلیودی" ناوبردوه‌ کە شایەنی وەڵامدانەوەش نین، هەروەها ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی تۆمەتبارکردوە بەبڵاوکردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو لەبەرامبەر پارەدا.

هاوکات نوسینگەکەى نه‌ژاد ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردوه‌تەوە کە باس لەوەدەکەن، ناوبراو خراوه‌ته‌ ژێر مانەوەی زۆرەملێی ماڵەوە، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ جه‌ختده‌كاته‌وه‌، ئەو هێشتا چالاکەو خەریکی کاروباری ڕۆژانەی خۆیەتی.

لەلایەکی دیکەوە، ساغی ئەسولین بەرپرسی باڵای پێشوی مۆسادو شرۆڤەکاری هەواڵگریی، لەچاوپێکەوتنێکدا ڕەخنەی لەبڵاوکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە گرتوەو ڕایگەیاندوه‌، درکاندنی ئەمجۆرە زانیارییانە زیان بەشێوازو سەرچاوەکانی هەواڵگریی دەگەیەنێت.

ئەسولین ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر ئەم ڕاپۆرتانە ڕاستیش بن، بڵاوکردنەوەیان زیان بەئاسایشی دەوڵەت‌و تواناکانی مۆساد دەگەیەنێت، هۆشداریشیدا، پێویستە سەرنجبخرێتەسەر ئەو لایەنانەی لەناوخۆی ئێراندا بەرژەوەندییان لەلێدانی ئەحمەدی نەژاددا هەیە.

ئەم بابەتە دوای ئەوەهات، ڕۆژنامه‌ى نیویۆرک تایمز لەڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، مۆساد بۆ ماوەی چەند ساڵێک پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ ئەحمەدی نەژاد هەبوە بۆ خۆئامادەکردن لەئەگەری ڕوخانی حکومەت، بەڵام هەوڵەکان بێئاکام بون.

به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکە کە پشتی بەزیاتر لە 30 سەرچاوەی سیاسیی‌و ئەمنیی بەستوە، ئەم پەیوەندییە لەساڵی 2022 دەستیپێکردوە، دوای ئەوەی ئیسرائیل گەیشتە ئەو بڕوایەی کە بیروڕاکانی ئەحمەدی نەژادو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێراندا گۆڕانیان بەسەرداهاتوە.