سوپای ئەمریکا دەستپێکردنی گەمارۆ قورسه‌كه‌ى ڕاگەیاند

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەركردایەتی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، لەپۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، گەمارۆی دەریایی سوپای ئەمریکا بەسەر ئەو کەشتیانەی کە ڕودەکەنە بەندەرەکانی ئێران یان لەوێوە دێن، لەکاتژمێر چواری ئێوارەى ڕابردوه‌وه‌ بەکاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەیەکگرتوەکان‌و 11ى شه‌و به‌كاتى عێراق دەستیپێکردوەتەوە.


دەستپێکردنەوەی ئەم گەمارۆیە تەنها یەک ڕۆژ دوای لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دێت کە ڕایگەیاندبوو، گەمارۆکە دوبارە دەسەپێندرێتەوەو ویلایەتەیەکگرتوەکانیش وەک "پاسەوان"ی گەروی هورمز کاردەکات.

"سێنتکۆم" چەند خولەکێک پێش چونە بواری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەپۆستێکی دیكه‌ى "ئێکس"دا کاته‌ دیاریکراوەکەی دوپاتکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، ئه‌مریكا هێرشی زیاتر دەکاتەسەر تواناکانی ئێران لەدەوروبەری گەروەکەدا.

لەپۆستەکەی فەرماندەیی ناوەندیدا هاتوە، "ئەم هێرشانە لەکاتێکدا ئەنجامدەدرێن کە هێزەکانی ئەمریکا ئامادەکاریی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرو ناوچە کەناراوییەکانی ئێران".

پێش ڕاگەیاندنی چونە بواری جێبەجێکردنی گەمارۆکە، فەرماندەیی ناوەندی لەبەیاننامەیەکدا کە لەسەکۆی "ئێکس"دا بڵاوکرایەوە، وتبوى، "هێزەکانی دەستیانکردوە بەوەشاندنی خولێکی دیكه‌ى هێرشەکان، ئەمەش بەمەبەستی بەردەوامبون لەلاوازکردنی تواناکانی ئێران کە بۆ هێرشکردنەسەر هاتوچۆی کەشتیوانی بازرگانی لەگەروی هورمزدا بەکاردەهێنرێن".

هه‌ر له‌و بەیاننامەیەدا ئەوەش هاتوە، ئەم هێرشانە لەکاتێکدادێن کە هێزەکان ئامادەکاریی دەکەن بۆ "دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی سەر بەندەرو ناوچە کەناراوییەکانی ئێران".

لەلایەکی دیکەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا چەندین پێگەیان لەباشوری ئێران کردوەتە ئامانج.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) ڕایگەیاند، شاری کەناراوی بەندەر عەباس‌و چەند شوێنێکی نزیک لەشاری سیریک بۆردومانکراون، ئەم ڕاپۆرتەش ڕاستەوخۆ دوای ئەوەهات، سوپای ئەمریکا ڕاگەیاندنی خولێکی دیكه‌ى هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە ڕاگه‌یاند، ئەوەش پێش دوبارە سەپاندنەوەی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بەسەریدا.

ئاژانسی "ئیرنا" ڕایگەیاندوە، هێرشەکان بۆسه‌ر بەشی ڕۆژهەڵاتی بەندەر عەباس بوه‌و دەنگی چەندین تەقینەوە لەناوچەی نێوان شاری سیریک بیستراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکردوە، شوێنێکی نزیک سیریک لەدەوروبەری کاتژمێر 11ی شەو بەکاتی ناوخۆ، بە"موشەکی ئەمریکی" کراوەتە ئامانج، سەرجەم ئەم شوێنانە دەکەونە پارێزگای هورمزگان، لەنزیک گەروی ستراتیژی هورمز.

ترەمپ دوشەممەى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ویلایەتەیەکگرتوەکان باج بەڕێژەی 20٪ی بەهای بارەکانیان دەسەپێنێت بەسەر کۆمانیای کەشتیوانییە بازرگانییەکاندا، وەک قەرەبویەک بۆ ئه‌مریكا لەبەرامبەر "دابینکردنی ئاسایش‌و سەلامەتی" لەگەروەکەدا، بەڵام دوێنێ سێشەممە لەم هەڵوێستەی پەشیمان بوەوەو وتى، "وڵاتانی کەنداو ڕێککەوتنی بازرگانی‌و وەبەرهێنان لەگەڵ ئه‌مریكا واژۆ دەکەن".

پێشتریش ئەمریکا لەقۆناغی سەرەتایی جەنگەکەدا گەمارۆی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندبوو کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو مانگ بەردەوامبوو، بەتایبەتی لەنێوان مانگەکانی نیسان‌و حوزەیراندا؛ ئۆپەراسیۆنەکانی جێبەجێکردنی گەمارۆکەش لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا زەریای هیندی بەدوری هەزاران میل درێژ ببوەوە.