شارپرێس:
پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران، هۆشدارییەکی بەپەلەو توند لەبارەی جموجۆڵێکی سەربازیی نائاسایی‌و کتوپڕی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنن، ده‌ڵێن، "له‌دوو هه‌فته‌ى ڕابردودا هێزێكى زۆر بهچهكى قورسه‌وه لهسنورهكانى هه‌رێم جێگیركراون".
به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی سەرکردایەتی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕۆژهەڵات، لەوانەش کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانو پارتی ئازادیی کوردستان، تاران لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا هەزاران سەربازیی هێزی تایبەتو پێشکەوتوترین چەکی قورسی گواستوەتەوە بۆ ناوچە سنورییەکان، ئەم هێزەش تەنها بۆ پاراستنی ئاسایی سنور نەهێنراوە، بەڵکو ئامادەکارییە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی مەیدانی‌و ئەگەریی دەستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆنێکی توندی سەربازیی.
قەبارەی هێزو چەکە جێگیرکراوەکان نزیکەی سێ هەزار چەکداره لەیەکەی تایبەتی (سابیرین) شانبەشانی هێزی وشکانی‌و ئاسمانیی سوپا، تانکی پێشکەوتوی جۆری (زوڵفەقار)و (T-72)ی نوێکراوە، لەگەڵ تۆپخانەی قورس‌و ڕاجیمەی موشەکی، هاوكات سەکۆکانی هاویشتنی موشەکی بالیستی لەجۆری (عیمادو فاتیح) جێگیركراون.
ئه‌وه‌ش ئاشكراكراوه، فڕۆکەکانی (شاهید، مهاجرو مەعراج) کە ڕۆژانە گەشتی سیخوڕی بەسەر ئاسمانی هەرێمدا دەکەن به‌ژماره‌یه‌كى زۆر هێنراونه‌ته سنوره‌كان، ئه‌وه‌ش زانراوه سیستمی پێشکەوتوی تشویشی ڕادارو پەیوەندی مانگی دەستکرد کە لەمۆسکۆ کڕدراونو لەژێر سەرپەرشتی ڕاوێژکارانی ڕوسیدا بەڕێوەدەبرێن به‌هه‌مانشێوه بۆ سنوره‌كانى هه‌رێم گوازراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه ئاگادارهكانیش تهئكیددهكهنهوه، ئەم گرژییە تەنها لەسەر سنوری هەرێم نییە، بەڵکو سوپای پاسداران هاوشێوەی ئەم هێزەی لەناوچەکانی ئەهوازو بەلوچستانیش کۆکردوەتەوە، به‌ڵام پارتە کوردییەکان جەختدەکەنەوە، ئەم دۆخە باشترین دەرفەتە بۆ هەماهەنگی‌و داڕشتنی پلانێکی هاوبەش لەنێوانیاندا.
