"بەرگریی ڕەوا مافی بێ ئەملاولایە"؛ پژاک پەیامێکی توند ئاراستەی تاران‌و ئۆپۆزسیۆن دەکات

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەکاتێکدا ململانێکانی نێوان تاران‌و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرەو قۆناغێکی نادیار هەنگاو دەنێت، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕێککەوتنی ئێستای نێوان ئێران‌و ئەمریکا بە"لەرزۆک" پێناسە دەکات‌و پەیامێکی توند ئاراستەی کۆماری ئیسلامی‌و بەشێک لەئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات دەکات؛ وتەبێژی پارتەکەش جەختدەکاتەوە، لەنەبونی چاکسازیی‌و ژینگەیەکی کراوی سیاسیدا، "بەرگریی ڕەوا" مافێکی بنەڕەتی‌و بێ ئەملاولای گەلی کوردو سەرجەم پێکهاتەکانی ئێرانە.


ڕێوار ئاودانان وتەبێژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕونیکردەوە، "ناساندنی سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن بەریتانیاوەو کۆبونەوەکانی ئەمدواییانەی ناتۆ، ئاماژەن بۆ گۆڕانی سیاسەتی زلهێزەکانی ئەوروپا بەرەو هاوڕایی زیاتر لەگەڵ ئەمریکا، ئامانجیش لەم فشارانە ناچارکردنی ئێرانە بۆ قبوڵکردنی سیستەمێکی نوێ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و هه‌ژمونی ئیسرائیل، یان ڕوبەڕوبونەوەی شەڕێکی کۆتایی، کە ئامادەکاری بۆ شەڕ بژاردەیەکی بەهێزترە".

بەوتەی ناوبراو، ئیسرائیل دەیەوێت لەڕێگەی "پەیمانی ئیبراهیمی"یەوە هێڵێکی وزەی ئابوریی بکێشێت تاوەکو پێگە جیۆپۆلەتیکییەکەی ئێران‌و بەتایبەت گەروی هورمز لاواز بکات.

لەبەشێکی دیكه‌ى قسەکانیدا، ئاودانان هۆشداریدا، "ئەگەر ئێران لەگەروی هورمزو ڕێڕەوی قەوقاز بەچۆکدا بێت، پڕۆژە ئابورییەکانی چین‌و پێگەی ڕوسیا توشی تەنگژەی گەورە دەبن، ئەمەش تورکیای ئەندامی ناتۆ ناچاردەکات خۆی وەک دژبەری ئێران‌و ڕوسیا پێناسە بکاتەوە".

هەروەها ڕاشیگەیاند، "لەبەرامبەر ئەم فشارانەدا، ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامی لەڕێگەی حوسییەکانی یەمەنەوە گەروی بابولمەندەب دابخات، کە ئەم هەنگاوە هاوشان لەگەڵ داخستنی گەروی هورمز، ئابوریی جیهان دەخاتەسەر لێواری خەرەندێکی پێشبینینەکراو".

وتەبێژی پژاک جەختیکردەوە، "نە سازش‌و نە شەڕ" ناتوانن ئێران لەم قه‌یرانە ڕزگاربکەن، چونکە لەم دانوستانانەدا بەهیچ جۆرێک ڕەچاوی تێکۆشانی دیموکراتیی گەلانی ئێران‌و خواستی ئەوان نەکراوەو تەنها بۆ مانه‌وه‌ی ڕژێمەکەیە، بۆیه‌ داوا لەئۆپۆزسیۆنی دیموکراتیخوازی ئێران ده‌كه‌ین ستراتیژی خۆیان به‌گوێره‌ى ناکۆکی‌و سازشی نێوان ڕژێم‌و زلهێزەکان دانەڕێژن، بەڵکو پشت بەهێزی سێیەم کە کۆمەڵگەیە ببەستن‌و لەڕێگەی ڕێکخستنی تۆڕەکانی خەڵک (ژنان، گەنجان‌و کۆمەڵگەی مەدەنی)و سودوەرگرتن لەوانەکانی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)، تەمەنی ڕژێم کورتبکەنەوە".

لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و پێگەی گەلی کورد، ڕێوار ئاودانان ئاشکرایکرد، "کوردان خۆیان لەئاگری شەڕی نێوان ئێران‌و ئەمریکا پاراستوە، چونکە ئەم شەڕە هیچ گەرەنتییەکی بۆ داخوازییە ئازادیخوازەکانیان تێدانییە، پێکدادانەکانی ئەمدواییانەی نێوان سوپای پاسداران‌و پارتە کوردییەکانیش، دەرەنجامی هێرشی یەکلایەنەو لەشکرکێشیی سوپا بوە بۆسەر کوردستان".

لەکۆتاییدا وتەبێژی پژاک ڕایگەیاند، "هەرچەندە سەردەمی شەڕی چەکداریی بۆ ئازادی کۆتاییهاتوەو ئازادی تەنها لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە بەدەستدێت، بەڵام لەکاتێکدا کە ژینگەیەکی کراوەی سیاسیی بۆ گفتوگۆ لەگۆڕێدا نییە، بەرگریی ڕەوا مافێکی بنەڕەتی‌و بێ ئەملاولای گشتیی گەلانی ئێران‌و بەتایبەتی کوردە".