شارپرێس:
بەرپرسێکی ئەمنیی باڵای
لوبنان زانیارییهكى ههستیارى ئاشکراکردو ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان
لەفڕۆکەخانەی بەیروت سیخوڕێکی پلەباڵای ئیسرائیلیان دەستگیرکردوە لەوکاتەی دەیویست
بەرەو عێراق ڕابکات، بهگوێرهى زانیارییەکان، ئەم تۆمەتبارە زۆر نزیکبوە لەبازنەی
بڕیاردانی حزبوڵڵاو بەپێدانی زانیاریی وردو هەستیار بەمۆسادو هۆکاری سەرەکیش بوە لەپشت
بهئامانجگرتنى چوار لەگەورە سەرکردە ئەمنییە باڵاکانی ئەو حزبە.
بهبێ ئاشكراكردنى
ناوهكهى ئاماژه بهوهكراوه ئەو بەرپرسە كه بەدواداچون بۆ لێکۆڵینەوەکە دەکات
ڕایگەیاندوه، "هەفتەی ڕابردوو سیخوڕێکی پلەباڵای ئیسرائیل لەبەیروت دەستگیرکراوه،
گومانلێکراوەکە تێوەگلاوە لەدابینکردنی زانیاریی ورد بۆ ئیسرائیل کە بوەتە هۆی بهئامانجگرتنى
چەند بەرپرسێکی حزبوڵڵا، لەنێویاندا چوار لەسەرکردە باڵاکانی، ئەو زۆر نزیکبوو لەسەرکردەکانی
حزبوڵڵاو بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵیاندا، خاوەنی زانیارییەکی بەرفراوان
بوو".
بهوتهى بەرپرسەکە، تۆمهتبارهكه
هەفتەی ڕابردوو لەفڕۆکەخانەی بەیروت دەستبەسەرکراوە، لەکاتێكدا کە ئامادەکاریی دەکرد
بۆ ئهوهى لهڕێگهى گهشتێكهوه بەرەو عێراق بچێت.
گومانلێکراوەکە خەڵکی
باشوری لوبنانەو چەندین گەشتی بۆ عێراق کردوە کە نیشتمانی هاوسەرەکەیەتی.
ئهو بهرپرسهى زانیارییهكانى
ئاشكراكردوه باسى لهوهشكردوه، ههموجارێك ئهو تۆمهتباره بهسیخوڕیكردن بۆ مۆسادى
ئیسرائیل، هەر لەعێراقهوه چوهته تورکیا بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەفسەرو بریکارەکانی
سەر بەمۆسادی ئیسرائیلیو زانیاریی لەسەر ئەو ئامانجانە پێدەدان کە لەبەیروت داتای
لەسەر کۆکردبونەوە.
له8ى تشرینی یەکەمی
2023وە بەدەیان لەسەرکردە باڵاکانی حزبوڵڵا لەهێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراونو جارێکی
دیكهش کاتێک جەنگەکە لەئاداری 2026دا فراوانتربوو، ئەمەش حەسەن نهسروڵڵا ئەمینداری
گشتیی پێشوش دەگرێتەوە کە ئیسرائیل لەهێرشێکی گەورەدا بۆسەر گەڕەکەکانی باشوری بەیروت
لەئەیلولی 2024دا بهئامانجى گرتو كۆتایى بهژیانى هێنا.
هاوكات ڕۆژنامەی
"تایمز ئۆف ئیسرائیل" دەڵێت، لوبنانو ئیسرائیل لەچەند دەیەی ڕابردوەوە
لەدۆخی جەنگی فەرمیدانو دەزگا ئەمنییەکانی لوبنان بەدەیان کەسیان بەگومانی
کارکردن بۆ بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەستگیرکردوە کە زۆربەیان لەڕێگەی ئینتەرنێتەوەو
لەپاش داڕمانی ئابوری وڵاتەکە لەساڵی 2019دا کۆنترۆڵکراون.
لەتشرینی یەکەمدا، سەرچاوەیەکی دادوەری بەئاژانسی
"فرانس پرێس"ی ڕاگەیاندبوو، زیاتر لە 30 کەس دەستگیرکراون بەگومانی پێدانی
زانیاریی ورد بەئیسرائیل لەسەر بنکەکانی حزبوڵڵاو جوڵەی ئەندامەکانی لەماوەی جەنگی
پێشوی لەگەڵ ئیسرائیل لەساڵانی 2023و 2024دا، ئەوکەسانەشی پێشتر سەرکۆنەکراون بەکارکردن
بۆ ئیسرائیل، سزای بەندکردنیان تا 25 ساڵ بەسەردا سەپێنراوە.
