بەرەی مقاوەمە دوای کۆبونەوەکەی واشنتۆن هەڕەشەی قورس لەترەمپ و زەیديی دەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3565 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی نوجەبا بەسەرۆکایەتی ئەکرەم کەعبی پەیامێکی توندی ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆک وەزیرانی عێراق کردوەو دەڵێت، "بەرەی مقاوەمە ئەو سەرە گەنیوە شەرمەزاردەکەن، گەندەڵکاران‌و دزەکان تەمەنیان درێژنابێت".


ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی نوجەبا لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، "خەڵکی سەربەرزی عێراق‌و بەرەی مقاوەمە ئەو سەرە گەنیوە شەرمەزار دەکەن، گەندەڵکاران‌و دزەکان تەمەنیان درێژنابێت، جا چ بەدزینی ڕاستەوخۆ بێت یان لەڕێگەی وەبەرهێنانی گوماناوییەوە بێ".

کەعبی ئاماژەی بەوەشداوە، "بەرگریی ئیسلامی هەمیشە لەکەمیندایەو سەرجەم ئەو نەخشەسازییانە پوچەڵدەکاتەوە کە ئامانجیان بەدەستەوەدانی عێراقە بەهەر شێوازێک بێت"، جەختیشیکردوەتەوە، "هێزەکانی ئەمریکا بەزۆرەملێ دەردەکرێن".

ئەکرەم کەعبی پەیوەست بەپرسی کارەبا دەڵێت، "کۆمپانیا ئەمریکییەکانی" بەبەرپرسیار لەبەردەوامیی قەیرانەکە داناوەو بانگەشەی ئەوەیکردوە کە ئەو کۆمپانیایانە "لەساڵی 2003وە کەرتی دابەشکردنی کارەبا لەعێراقدا بەڕێوەدەبەن".

داواشی لەحکومەتی عێراق کردوە کە "ئەم کۆمپانیایانە دەربکات‌و کۆمپانیای بەهێزو باوەڕپێکراو بخاتە شوێنیان، چونکە ئەوە هەنگاوی یەکەمە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەعێراق".