هۆشدارییەكی توند لەوەزارەتى کارەباوە بۆ هاوبەشانی پڕۆژەی ڕوناكی

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی کارەبای حكومەتی هەرێم لەنوێترین بڕیاریدا، سیستمێکی نوێی بۆ کۆکردنەوەی پارەی كارەبای پڕۆژەی ڕوناكی ئەو هاوبەشانە جێبەجێ دەکات کە پابەندی پێدانی کرێی مانگانە نین و هۆشداریی توندیش دەدات كە كەلەماوەی 50 ڕۆژدا پارەی كارەبا نەدرێت كارەباكەیان دەبڕن.


بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبا، لەپاش دەرچونی پسوڵەی مانگانە، هاوبەشان تەنیا 50 ڕۆژیان لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی پارەی کارەباکەیان بدەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا پارەکە خەرج نەکرێت، خزمەتگوزاریی کارەبای ئەو هاوبەشە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبڕدرێت، ئەم بڕیارە لەئێستادا تەنیا پڕۆژەی ڕوناکی و کرێی مانگانە دەگرێتەوە.

وەزارەتی کارەبا ڕونی کردوەتەوە کە ئەم مۆڵەتەی دیاریکراوە قەرزە کۆنەکان ناگرێتەوە. بڕیاری بڕینی کارەبا تەنیا بۆ کرێی نوێی مانگانەیەو سەبارەت بەقەرزە کۆنەکان، وەزارەت ئاماژەی بەوە کردوە کە لەداهاتویەکی نزیکدا ڕێکار و ڕێنمایی تایبەت بۆ چۆنیەتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە ڕادەگەیەنرێت.

بۆ ئەوەی هاوبەشان ئاگاداری وادەی بڕینی کارەباکەیان بن، وەزارەتی کارەبا لەڕێگەی کورتەنامەوە (SMS) و بە 4 قۆناغی جیاواز ئاگادارییان بۆ ڕەوانە دەکات. ئەگەر هاوبەشەکە پاش ئەو ئاگادارکردنەوانە هەر پارەکە نەدات، سیستمەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی کارەباکەی دەبڕێت و چیتر فەرمانبەری وەزارەت بۆ بڕینی کارەبا ناچێتە شوێنی مەبەست.

لەحاڵەتی بڕینی کارەبادا، هاوبەشان دەتوانن لەڕێگەی پسوڵەکەیانەوە پارەکە بدەن و لەو کاتەدا لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەباکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. بەڵام وەزارەت هۆشداری دەدات کە ئەگەر هاوبەشەکە بچێتە بەشی فرۆشتنی وزە بۆ پێدانی پارەکە، ڕەنگە پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کارەباکەی کاتێکی زۆرتر بخایەنێت و دوابکەوێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، بەگوێرەی بەدواداچونێكی شارپرێس، لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا پرۆسەی بڕینی كارەبا لەسلێمانی و هەڵەبجەو دەڤەری ڕاپەڕین هاوشێوەی هەولێردو دهۆك و زاخۆ بەردەوام بوەو چەندین هاوبەشی پڕۆژەی ڕوناكی كارەباكەیان بڕدراوە.