فەرماندەی سوپای پاکستان و وەزیری ناوخۆی ئێران لەبارەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا کۆبونەوە

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 146 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی کەناڵی عەرەبییەی سعوودیی، ئەمرۆ سێشەممە عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە ئیسلام ئاباد لەگەڵ ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران کۆبوونەتەوە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە هەردوولا تاوتوێی ئامادەکارییان بۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە.

 
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە کە پاکستان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان و نێوەندگیری دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.

لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری ناوخۆی ئێران لە درێژەی دیدارەکانیدا کۆبوونەوە لەگەڵ شەهباز شەریک، سەرۆک وەزیرانی پاکستان و موحسین نەقەوی، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە دەکات، ئەم سەردانەی موئمینی لە کاتێکدایە کە دوێنێ دووشەممە گەیشتە ئیسلام ئاباد کە ڕۆڵی نێوەندگیر لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەگێڕێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمریکا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامن سەرەڕای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا.

هەفتەی ڕابردووش پاکستان ڕایگەیاندبوو کە بەردەوام دەبێت لە هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ تەکنیکییەکان بەپێی یاداشتی لێکتێگەیشتنی مانگی ژوئەنی نێوان دۆناڵد ترەمپ و مەسعود پزیشکیان.

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە گومان لەسەر ڕێککەوتنی چوارچێوەیی نێوان واشنتۆن و تاران دروستبووە دوای دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکان لەم مانگەدا.