ئۆپۆزسیۆن: ناتانیاهۆ لەپێناو دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ئیسرائیل لەشەڕ لەگەڵ ئێران دەگلێنێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە نوێترین پێشهاتەکانی ناوچەکەدا، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەوڵ دەدات ئیسرائیل بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی تەنیا و تاکلایەنە لەگەڵ ئێران ببات.

 
بە بڕوای ئۆپۆزسیۆن، ئامانجی سەرەکیی ناتانیاهۆ لەم هەنگاوە، دروستکردنی بارودۆخی نائاساییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە گشتییەکان.

ئەم تۆمەتانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر زەوی گەیشتوونەتە ئاستێکی باڵا. لە شاری ئیلات لە باشووری ئیسرائیل، مووشەکێکی بەرپەرچدەرەوە ئاراستەی پاشماوەی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران کرا کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە ئاسمانی شاری عەقەبە تێکشکێندرابوون. ئەمەش ئاماژەیە بۆ نزیکبوونەوەی مەترسییەکان لە سنوورەکانی ئیسرائیل.

سەرەڕای ئەوەی ناوەندە ئەمنییەکان دەڵێن هێشتا بەڵگەی تەواو نییە کە ئێران بیەوێت ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەڵام یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەکانی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئێمە وەڵامێکی توند لە ناو جەرگەی خاکی ئێراندا دەدەینەوە."

لە لایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ کە لە هەوڵدایە دۆناڵد ترەمپ قایل بکات بۆ دەستپێکردنی "جەنگی وزە" دژی تاران، هەروەک توانیویەتی ڕەزامەندی دادگای پارتی لیکۆد بەدەستبهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی پارتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر بارودۆخێکی ئەمنی کتوپڕ.

ئۆپۆزسیۆن دەڵێت ناتانیاهۆ ئەم کارتە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت تا لە ڕێگەی هەڵگیرساندنی جەنگەوە، کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکات و دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ململانێ سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە بچنە قۆناغێکی هەستیارترەوە.