بۆمبی سیاسیی ترەمپ لەکۆشکی سپی؛ ئەگەری چونى سوپای سوریا بۆ لوبنان‌و شەڕ دژى حزبوڵڵا هاوکێشەکان تێکدەدات

جیهان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2446 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەپێشوازیی هاوتا لوبنانییەکەیدا لەکۆشکی سپی، بۆمبێکی سیاسیی گەورەی تەقاندەوەو ڕایگەیاند، چونە ناوەوەی سوپای سوریا بۆ ناو خاکی لوبنان بەمەبەستی شەڕکردن دژ بەحزبوڵڵا، ڕەنگە هەنگاوێکی یەکجار کاریگەربێت، ئەم لێدوانە چاوەڕواننەکراوەی ترەمپ لەکاتی کۆبونەوەی لەگەڵ جۆزێف عۆن سەرۆکی لوبنان، نەخشەی هاوپەیمانییەکانی ناوچەکەی توشی شۆککردوە، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەگەری سازانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان لەسەر دابەشکردنی ڕۆڵە نوێیەکان لەپێناو داماڵینی چەکی حزبوڵڵاو چەسپاندنی سەقامگیریی لەسەر سنورەکانی ئیسرائیل.


لێدوانەکەی ترەمپ؛ ئایا شه‌رع دەبێتە چەکێک دژ بەحزبوڵڵا؟
لەناوجەرگەی کۆبونەوە فەرمییەکەی کۆشکی سپیدا، مەلەفی چاودێریکردن‌و کۆنترۆڵکردنی ئەو گوندو ناوچانەی باشوری لوبنان کە حزبوڵڵا لێیان پاشەکشەیکردوە، خرایە بەرباس تا بدرێنە دەست سوپای لوبنان، بەڵام دەرهاویشتە هەرە گرنگەکە کاتێک بوو کە ترەمپ ڕایگەیاند، "ئه‌حمه‌د شه‌رع سەرۆکی سوریا خۆی ئارەزوو دەکات دەستوەردان بکات‌و لەمبارەیەوە کارێک بکات، من پێموایە هاتنی سوریا بۆ جه‌نگ دژى حزبوڵڵا، دەبێتە کارێکی یەکجار کاریگەر"، ئەم گۆڕانکارییە لەدیدگای واشنتۆندا، دەرگای بەڕوی شیکاریی نوێدا کردوەتەوە کە چۆن دەسەڵاتی نوێی دیمەشق کە خۆی زیانمەندی یەکەمی دەستوەردانەکانی پێشوی حزبوڵڵا بوە، دەتوانێت مەلەفی چەکدارانی سەر بەئێران لەناوچەکەدا بۆ هەمیشە یەکلابکاتەوە؟.

گرەنتییەکانی ئەمریکا؛ سوپا لەباشورو داماڵینی چەک لەبەیروت
هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەرج‌و گرەنتییەکانی واشنتۆنی بۆ لایەنی لوبنانی ڕونکردەوە، ڕوبیۆ وتى، "ئامانجی سەرەکیی ئیدارەی ترەمپ بریتییە لەداماڵینی تەواوەتیی چەکی حزبوڵڵا، ئێمه‌ گرەنتی ڕاستەقینەمان دەوێت بۆ گەڕانەوەی ئارامی بۆ باکوری ئیسرائیل، ئەمەش تەنها لەڕێگەی بڵاوەپێکردنی سوپای لوبنان لەباشورو نەهێشتنی چەکی حزبوڵڵا مسۆگەر دەبێت".

شەپۆلی نیگەرانی‌و درز لەناوخۆی لوبناندا
ئەم لێدوانانەی کۆشکی سپی کتوپڕ کاردانەوەی توندی لەبەیروت لێکەوتەوە، چاودێران‌و نوسەرانی سیاسیی لەلوبنان هۆشداریدەدەن لەوەی، سەرۆک جۆزێف عۆن پەلەیکردوە لەدەرخستنی ئەمشێوازە لەڕێککەوتن‌و ڕاگەیاندنی ئامانجەکان.

بۆچونەکان لەناوخۆی لوبنان
بەڕێوه‌بەری نوسینگەی كه‌ناڵى ئەلمەیادین لەبەیروت ڕایگەیاند، ئەم تێڕوانینە نوێیە دەبێتە هۆی دروستبونی درزو ناکۆکییەکی یەکجار قوڵ لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی لوبناندا، بەتایبەت لەسەر پرسی سەروەریی نیشتمانی.

هاوكات غەسان سەعود نوسەری سیاسیی پێیوایە، سەرۆکی لوبنان سەرەڕای پێشکەشکردنی هەموو جۆرە سازشێک، نەیتوانیوە چەسپاندنی هیچ بەڵێن یان گوشارێکی ڕاستەقینە لەواشنتۆنەوە بەدەستبهێنێت بۆ ناچارکردنی ئیسرائیل بەکشانەوەی تەواوەتی.

کۆبونەوەی واشنتۆن نیشانیدەدات کە قۆناغی داهاتوی هێز لەناوچەکەدا شایەتی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی یاساکانی یارییەکە دەبێت، ئەگەر لێدوانەکەی ترەمپ سەبارەت بەچونى سوپای سوریا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی حزبوڵڵا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوا ناوچەکە بەرەو جۆرێک لەهاوپەیمانییەتی‌و شەڕی نوێ هەنگاو دەنێت کە تێیدا دۆستەکانی دوێنێ دەبنە نەیاری ئەمڕۆی یەکتر لەپێناو مانەوەی سیاسیی‌و پاراستنی بەرژەوەندییە گەورەکاندا.