بۆ دەستپێكردنی هێرشێكی گەورە بۆ سەر ئێران ترەمپ و ناتانیاهۆ كۆدەبنەوە

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 415 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كۆشكی سپی و نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل تاوتوێی كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ناتانیاهۆ دەكەن لە كۆشكی سپی لە هەفتەی داهاتوو.

ئەو كۆبوونەوەیە پێشبینی كراوە لە كاتێكدایە كە ترەمپ بیر لە دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەكانی دژ بە ئێران دەكاتەوە كە ڕەنگە هەڵمەتێكی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل لەخۆ بگرێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی ئاكسیۆس، كاربەدەستانی ئەمریكا و ئیسرائیل بە یەكێك لە دوو ڕێگا كار بۆ كۆتایی هێنان بە شەڕ لەگەڵ ئێران دەكەن. ماڵپەڕەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن ئامادەكاری دەكەن بۆ ئەگەری فراوانكردنی شەڕەكە بۆ هەڵمەتێكی سەربازیی هەماهەنگ و هەمەلایەنە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا.

بەڵام جەختیان لەوە كردۆتەوە كە ئیسرائیل ناچێتە نێو شەڕەكەوە تا هێرشی ئێران نەكرێتە سەری یان ئەگەر ئەمریكا داوای بەشداریكردنی نەكات.

هەفتەی ڕابردوو ناتانیاهۆ داوای دیدار لەگەڵ ترەمپ كردبوو، بەڵام هیچ وادەیەك پشتڕاست نەكرایەوە. پاشان گەشتەكەی بۆ واشنتۆن دواخست دوای ئەوەی پرسەی سیناتۆری كۆچكردوو لیندسی گراهام دواخرا.

بڕیارە سێشەممەی داهاتوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پرسەی گراهام لە واشنتۆن بەشداری بكات.

ناتانیاهۆ لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ كۆشكی سپی شەش جار سەردانی كۆشكی سپی كردووە، كە زۆرترین ژمارەیە بۆ هەر سەرۆكێكی بیانی، بەڵام لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە لە واشنتۆن بووەتەوە، چ لە چوارچێوەی پارتی دیموكرات  چ لەنێو بازنەی ناوەوەی ترەمپ.