بەختیار ئەحمەد ساڵح
لە کۆندا خەڵکی زۆرینەى شەوەکەیان
بە یەکجار خەوتن بەسەر نەدەبرد. بەڵگە مێژووییەکان باس لە خەوی یەکەم و خەوی دووەم
دەکەن؛ واتە چوار کاتژمێر دەخەوتى، دوو کاتژمێر هەڵدەستایت لە خەو و دواتر چوار
کاتژمێرى دیکە دەخەوتیتەوە. لەنێوان ئەم دوو قۆناغەی خەودا، ماوەیەک لە ئارامی و بەئاگابوون
هەبوو. ئەو دوو کاتژمێرەى نێوان خەو و بێدارای ناولێنرابوو کاتژمێرى ئەفراندان
لەبەر ئەوەى دەروازەکانى نائاگایی دەکەوتنە سەر پشت. خەڵک لەو کاتانەدا زۆرجار
نوێژیان دەکرد، تێڕامانیان دەکرد، یان تەنها بە ئارامی پشوویان دەدا، پاشان
دووبارە دەگەڕانەوە بۆ خەو.
ژیانی مۆدێرن پەیوەندی ئێمەى بە شەوەوە گۆڕی. کرێکاران و فەرمانبەران چیدی نەیاندەتوانى
کارەکانى ڕۆژانەیان بە خەوى دوو قۆناغى بەڕێوە بەرن. ڕووناکی کارەبا، کاتی کاری
جێگیر و پێویستی بە بەرهەمهێنانی بەردەوام بە درێژایی ڕۆژ و شەو، بە هێواشی خەوی
یەکپارچە و بەبێ وەستانیان کردە وێنەیەک بۆ خەوێکی ئایدیاڵ وبێداربوونەوەی شەویان
ناو نا نەخۆشی کەم خەوى و حەبی خەویان داهێنا بۆ کاتێک کە پێشتر وەک سەرچاوەى
داهێنان ناسرابوو.
ئەگەر هەندێک جار لە نیوەشەودا لە خەو هەستایت، ئەوە بە مانای ئەوە نییە کە
حەتمەن کێشەیەکت هەیە. پاراستنی ئارامی، دووربوون لە شاشەی ڕووناک، و ئەنجامدانی
هەناسەدانی هێواش یان تێڕامان، دەتوانێت ئەو ماوەی بەئاگابوونە زۆر ئارامتر و بێفشارتـر
بکات. بێدارى نیوە شەو، مایەى نیگەرانى نییە و پێویستى بە
خواردنى حەبى خەو نییە، بە ئارامی دابنیشە و تێڕامان بکە وهەمیشە دەبێت بزانیت کە
بێدەنگى شتێک نییە لێی هەڵبێیت؛ بەڵکو دۆخێکە کە دەبێت بچینە ناوی.