ئێران هۆشدارییەکی توند دەداتە بەریتانیا.. سەرجەم بەرژەوەندییەکانتان دەکەینە ئامانج

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی تاسی ڕووسی لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گواستییەوە کە ئەگەر لەندەن لە جەنگ لەگەڵ  ئەمریکا هاوکاری واشنتۆن بکات، ئەوا بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجێکی ڕەوای هێزەکانیان.

 
دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا ڕەزامەندیی دەربڕی بۆ هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دژی ئێران، حکومەتی تاران هۆشدارییەکی زۆر توندی ئاراستەی لەندەن کرد.

 بەرپرسە باڵاکەی ئێران بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە بە ئاژانسی تاسی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر بەریتانیا بێتە ناو ئەو جەنگەی ئەمریکا سەپاندوویەتی، سەرجەم بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەکرێنە ئامانجی سەربازی.

ئەو سەرچاوە ئێرانییە ڕوونیکردۆتەوە ئەگەر ڕاپۆرتە میدیاییەکان سەبارەت بە بڕیاری ئاندی بێرنهام، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئەمریکا دژی ئێران پشتڕاست ببنەوە، ئەوا جگە لە لێکەوتە سیاسیی و یاساییەکان، تەواوی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا دەخرێنە لیستی ئامانجەکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە. 

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا، ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردەوە بێرنهام بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیای لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەتەواوی پشتڕاستکردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی دژی ئێران.