ئێران مەرجی ڕاگرتنی جەنگەكە ئاشكرادەكات

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئاشكرایدەكات، هەر کاتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی وڵاتەكەی دابین بکرێت  ئامادەن جەنگ ڕابگرن" و دەڵێت، دوژمن هێرشمان نەکاتە سەر، جەنگ دەوەستێت".


عەلی زەینی وەند، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران لە کۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،"ئێمە لەهیچ قۆناغێکی مێژودا دەستپێشخەری شەڕ نەبوین. هەر کاتێک بەرژەوەندی و ئاسایشی ئێران دابین بکرێت و دوژمن هێرشمان نەکاتە سەر، جەنگ دەوەستێت. لەم کاتەدا هیچ رێگەیەکی دیکەمان جگە لەبەرگری لەبەردەمدا نییە."

زەینی وەند وتی،"بەرپرسانی وڵات کاتێک بڕیار لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ دەدەن کە بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاسایشی نیشتمانی، سەربەخۆیی و شووناسی وڵات پارێزراو بێت".

سەبارەت بەتوانای سەربازی و ئامادەکارییەکانی تاران بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی ئەمریکا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران هۆشداریدایە واشنتۆن و وتی،"خۆمان بۆ هەموو دۆخێک و خراپترین سیناریۆکان ئامادە کردووە و ئامادەکاریی پێویست بۆ دۆخی قەیراناوی کراوە. ئەمە جەنگە. ئەگەر لە ژێرخانەکانمان بدەن، ژێرخانیان دەکەینە ئامانج. ئەگەر شوێنە سەربازییەکانمان بکەنە ئامانج، ئێمەش شوێنە سەربازییەکانیان دەکەینە ئامانج. دەستمان لە بواری سەربازیدا هێندە پڕە کە هیچ کێشەیەکمان نییە و دووژمن لە جێی خۆی دادەنیشێنین".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەینی وەند ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆ و سنورەکان کردو ڕایگەیاند،"کۆنترۆڵی تەواو بەسەر بابەتە ئەمنییەکاندا هەیە، چ لەسنورەکان و چ لەهەر شوێنێک کە پێویستی بەچاودێری هەبێت".

سەبارەت بەپەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و سەردانەکەی ئەسکەندەر موئمینی، وەزیری ناوخۆی ئێران بۆ پاکستان و ئەگەری گواستنەوەی پەیام بۆ ئەمریکا، عەلی زەینی وەند وتی،"پاکستان نێوەندگیری سەرەکیی ئێمەیە لەدانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا. لەسەردانی وەزیری ناوخۆ بۆ پاکستان و لەچوارچێوەی گفتوگۆکاندا، ئەگەر بابەتێک لەم بوارەدا هەبێت، دەگوازرێتەوە".

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئێران جەختی لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی لە کاتی شەڕدا کردەوە و وتویەتی،"لەهەموو شەڕەکاندا بابەتی دانوستاندن و نێوەندگیری هەیە، بەتایبەت کاتێک لایەنی بەرامبەر وڵاتێکی وەک ئەمریکا بێت. هیچ بابەتێکی شاراوە لە خەڵک نییە و هەر رێککەوتنێک کە ئێران واژۆی کردبێت، پابەندی بووە، وەک چۆن لە رێککەوتنی ئەتۆمی 2015 و پێش ئەوەش لە رێککەوتنی سەعدئاباد، سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونەکان، کۆماری ئیسلامی بە بەڵێنەکانی خۆیەوە پابەند مایەوە."