ترەمپ تاوتوێی دەستپێکردنی جەنگێکی دیکە دەکات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2276 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

رۆژنامەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لەئێستادا بیر لە دەستپێکردنی جەنگێکی دیکە لەدژی گروپێکی چەکداری سەر بە رێکخراوی قاعیدە لە وڵاتی مالی دەکات.


رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکی لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردوەتەوە،" لەئێستادا ترەمپ خوێندنەوە بۆ بژاردەی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەدژی گروپی چەکداری (نەسڕە ئیسلام و موسلمین)ی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی (ئەلقاعیدە) دەکات، کە هێزێکی بەرچاویان لە وڵاتی مالی لە ئەفریقا هەیە.

پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی بە رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)یان راگەیاندوە، پژاردەی سەربازی بەتەنها چارەسەر نییە بۆ کۆتاییهێنان بەو قەیرانە، بەڵکو دەبێت واشنتۆن پاڵپشتی رێڕەوی سیاسی لەنێوان حکومەتی مالی و گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بکات.

سیبستیان گۆرکا، بەڕێوەبەری روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دیارترین بەرپرسی ئەمریکییە، کە پاڵپشتی لە بژاردەی لێدان لەو گروپە چەکدارییەی مالی دەکات، کە بە یەکێک لە بەهێزترین گروپی چەکداری لە ئەفریقا دادەنرێت.

ئەگەر ترەمپ بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو گروپە چەکدارییە رازی بێت، دەبێتە هەشتەم جەنگی ئەمریکا لەماوەی دوو خولی سەرۆکایەتییەکەیدا.