بەختیار ئەحمەد ساڵح ـ شارپرێس:
لەدوو دەیەی ڕابردودا، سنورى مەیدانی شەڕ تەنها لەسەر زەوی، ئاسمانو
دەریادا نەماوەتەوە، بەڵکو بۆ بوارێکی نوێ گوازراوەتەوە کە ناسراوە بەسایبەرسپەیس،
لەم بوارەدا، هاککەرەکانو گروپە سایبرییەکان بونەتە ئامرازێکی گرنگ بۆ دەوڵەتان،
دامەزراوە هەواڵگرییەکانو تۆڕە تاوانکارە نێودەوڵەتییەکان، لەزۆر حاڵەتدا، هێرشێکی
سایبری دەتوانێت کاریگەرییەک بەهەمان ئەندازەی هێرشێکی سەربازیی هەبێت، بەبێئەوەی
فیشەکێک بتەقێنرێت.
ئەمیر باراتی، ناسراو بەهاککەر "Kinglet"و
سەرکردەی پێشوی دوو گروپی گەورەی هاکینگ لەئێران، دوای زیاتر لە 15 ساڵ لەڕاکردنو
خۆشاردنەوە لەیاسا، لەسەر داوای ئەمریکا لەوڵاتی مۆنتینیگرۆ دەستگیرکرا؛ ئەمەش دوای
ئەوەی گۆڕینی ناو، وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکیو نیشتەجێبون لەتاوەرە گرانبههاكانى
ئەستەمبوڵ، نەیانتوانی لەسیستمی چاودێری بیۆمەتریی جیهانیی ڕزگاری بکەن.
ئەمیر باراتی لەساڵی 1986 لەشاری مەشهەد لەدایکبوە، لەتەمەنی 21 ساڵیدا
بەدامەزراندنی گروپی (Iran
Black Hats Team) دەستی بەچالاکی کرد.
دواتر بەهاوبەشی گروپی (Digital
Boys Underground Team)ی دانا کە بەتەنها تاساڵی
2013 زیاتر لەههشت هەزار هێرشی سایبەرییان کردەسەر ناوەندە جیهانییەکانی وەک مایکرۆسۆفت،
ناسا، زانکۆی MITو سوپای ئەمریکا، هەرچەندە هێرشەکانی سەرەتا بۆ ناوبانگ بون، بەڵام
دواتر بونە سەرچاوەی داهاتو دزینی زانیاریی ستراتیژیی.
پەیوەندیی لەگەڵ ئیتڵاعاتو بازرگانیی
باراتی لەساڵی 2009 لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا،
بەڵام لەجیاتی زیندانیکردن، وەزارەتی ئیتڵاعات بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سایبەری
دژی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا بەکاریهێنا، ئەم هاوکارییە دۆخی دارایی باراتی بەتەواوی
گۆڕی، بەجۆرێک لەگەڕەکە ئاساییەکانی تارانەوە گواسترایەوە بۆ ناوچە گرانبەهاکانو
بوە ئەندامی بۆردی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان.
پلانی ههڵاتن بۆ تورکیا
لەساڵی 2021دا، باراتیو هاوسەرەکەی ئێرانیان جێهێشتو ڕویان لەئەستەمبوڵ
کرد، لەوێ شوقەیەکی شاناهانهیان بەبەهای یەک ملیۆن دۆلار کڕییو بەهۆیەوە ڕەگەزنامەی
تورکیایان بەدەستهێنا، پاشان لە ڕێگەی دادگاوە ناوو ناسنامەی خۆیان گۆڕیی، باراتی
پێیوابوو مادەی 38ی دەستوری تورکیا (کە ڕادەستکردنی هاوڵاتیانی بەوڵاتانی دەرەوە قەدەغە
دەکات) دەبێتە قەڵغانێکی یاسایی لەدژی ئەمریکا.
هەڵە ستراتیژییەکەو تەڵەی FBI
سەرەڕای پێنج ساڵ وریایی لەگەشتکردندا، باراتی لەهاوینی 2026دا بڕیاریدا
بۆ پشوو بچێتە وڵاتی مۆنتینیگرۆ، بەوپێیەی هێشتا نەبوەتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا،
بەڵام ئەمە هەڵەیەکی کوشندە بوو؛ چونکە مۆنتینیگرۆ ئەندامی ناتۆ (NATO)یەو
هاوکاریی ئەمنیی قووڵی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە، دوای ئەوەی هاوسەرەکەی وێنەی گەشتەکەیانی
لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە، پۆلیسی مۆنتینیگرۆ لەسەر داوای FBI،
لە 4ی تەمموزی 2026دا باراتی دەستگیرکرد.
دەرەنجامەکان
کەیسی ئەمیر باراتی چەند ڕاستییەکی گرنگ دەسەلمێنێت؛ یەکەم؛ هاککەرە
لێهاتوەکان دەبنە ئامرازی دەستی دەوڵەتان، دوەم؛ لەجیهانی دیجیتاڵیدا گۆڕینی ناوو
پاسپۆرت ناتوانێت تۆمارە بیۆمەترییەکان بپچڕێنێت، سێیەم؛ هاوکاری هەواڵگریی نێوان
وڵاتان زۆر بەهێز بوەو دزینی زانیاری بوەتە گەورەترین ململانێی سەدەی 21.