شارپرێس:
لێکۆڵەرانی زانکۆی نۆرس وێستەرن ڕایانگەیاند کە سەرکەوتوو بوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ دروستکردنی درۆنێک کە تا ڕادەیەکی زۆر بە چاوی ئاسایی نابێنرێت. ئەم درۆنە نوێیە کە ناوی "Phantom Twist"ی لێنراوە، سوود لە کەموکوڕییەکانی بینینی مرۆڤ وەردەگرێت تا ڕادەیەک کە نزیکەی نەبینراو بێت.
تەکنۆلۆژیای ئەم درۆنە لەسەر بنەمای خولانەوە بە خێرایی تا 25 خول لە چركەیەکدا کاردەکات، ئەمەش هەمان ئەو خەڵەتاندنە بیناییە درووست دەکات کە پەڕەی پانکەکان لە کاتی خولانەوەی خێرادا درووستی دەکەن.
بە پێچەوانەی درۆنە چوارپەڕەییە باوەکانەوە کە بەشگەلێکی جێگیریان هەیە، لەم درۆنەدا پەڕەکان و جەستەی درۆنەکە لە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکتردا دەخولێنەوە، ئەمەش وادەکات 10 بەرامبەر لە درۆنە ئاساییەکان کەمتر بەدی بكرێت.
دیزاینەرانی ئەم تەکنۆلۆژیایە ئاماژە بەوە دەکەن کە درۆنەکە بە تەواوی وەک هەوا نابێتەوە، بەڵکو وەک شێوەیەکی تەمومژاوی دەردەکەوێت کە بە ئاسانی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریدا تێکەڵ دەبێت، هاوشێوەی ئەو کاریگەرییەی لە فیلمە خەیاڵییەکاندا بۆ تەنە شاراوەکان بەکاردێنرێت.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە، ئەم درۆنە هەندێک کۆسپیشی لەبەردەمدایە، بەشێوەیەک فڕینی درۆنەکە دەنگێکی دیار درووست دەکات کە دەکرێت ئامادەبوونی لە شوێنەکەدا ئاشکرا بكات، هەروەها وایەر و دارە پشتیوانییەکانی جەستەی درۆنەکە تا ئاستێک هێشتا دەبینرێن، ئەمەش ڕێگە لە نادیاربوونی تەواوەتی دەگرێت.
ئەم داهێنانە لە دوایین کۆنگرەی ڕۆبۆتێکدا لە شاری سیدنی ئوسترالیا بە فەرمی بە جیهان ناسێنرا.