ئێران ڕەتیدەکاتەوە ڕێگە بەکردنەوەی گەروی هورمز بدات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی نیمچە فەرمیی رایگەیاندووە کە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکانی سەر بە دوژمن بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەزامەندیی لەسەر پلانێک دەربڕیوە بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان ئەم بانگەشەیان ڕەتکردەوە و جەختیان کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر سیاسەتی ئێراندا نەهاتووە سەبارەت بەم ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.

 
ئاژانسە ئێرانییەکە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری ئەتۆمیی ئێرانەوە باسی لەوەکردووە کە زانیارییە بڵاوکراوەکان لەسەر ڕەزامەندیی ئێران ناراستن و ڕایگەیاندووە هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز نەکراوە و هەواڵەکان درۆن. 

هەروەک سەرچاوەیەکی سەربازیی ئاگادار وتویەتی: تا تەنگپێهەڵچنین و کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە. بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەنها ڕێگەی ڕاگەیەندراو بە هەماهەنگیی هێزی دەریایی سوپای پاسداران و بەدەستهێنانی مۆڵەت کراوەیە، بەپێچەوانەوە ڕێگەکان تر ئارام نابن و کەشتییەکان تووشی ڕووداو دەبن.

ئەم هەواڵانە دوای ئەوە هاتن کە بەشێک لە میدیاکان لەسەر زاری ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی باراک ڕاڤید بڵاویانکردبووەوە کە ئێران ڕازی بووە کەشتییەکان لە ڕێگەی ئاوە هەرێمییەکانی ئێرانەوە بچنە ناو کەنداو و لە ڕێگەی ئاوەکانی عومانەوە دەربچن.