ئاژانسە هەواڵگرییە هەرە بەتواناکانی ئەوروپا بناسن

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گۆڤاری "لیکسپریس"ی فەرەنسی پۆلێنکردنێکی تازەی بۆ بەتواناترین ئاژانسە هەواڵگرییەکانی کیشوەری ئەوروپا ئامادەکردوە، پۆلێنکردنەکە ڕاوبۆچونی 60 پسپۆڕو شارەزای ئەم بوارەی لە 25 وڵاتی جیاوازەوە وەرگرتوە کە بەشێکیان بەرپرسانی ئێستاو بەشێکیشیان تازە خانەنشینکراون.


بەریتانییەکان لەپێشەنگدان
زۆربەی شارەزایان کۆکن لەسەرئەوەی هەواڵگریی بەریتانیا پلەی یەکەمی ئەوروپای داگیرکردوە. شارەزایەک، دەزگای  «MI6»ی بەریتانی بە"سەرسوڕهێنەر بەتەواوی مانا" وەسفکردوە.

هێزی سەرەکیی بەریتانییەکان لەتوانای بێڕادەیان لەدامەزراندن‌و بەکارهێنانی سیخوڕ لەپلە باڵاکاندا وەک نمونەیەک، عەلیرەزا ئەکبەری جێگری پێشوی وەزیری بەرگریی ئێران، تاساڵی 2019 بۆ ئەوان کاریدەکرد.

هەروەها بەریتانییەکان توانایەکی تایبەتیان لەکارکردن لەسەر ماوەی درێژخایەن هەیە، بەشێوازێک کە سەرمایەگوزاریی لەسەرچاوەی هەواڵگرییدا دەکەن کە ڕەنگە 10 ساڵی پێبچێت تا بەرەنجامی هەبێت.

فەرەنسا لەپلەی دوەمدا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی دەرەوەی فەرەنسا (DGSE) پلەی دوەمی بەدەستهێناوە، ئەمەش بەهۆی گرتنەبەری شێوازێکی گشتگیر کە تەواوی بوارەکان دەگرێتەوە.

شارەزایەک ئاماژەی بەوەکردوە، فەرەنسا "تەواوی ئاژانسی کیشوەری ئەوروپایە کە خاوەنی بڵاوبونەوەیەکی جیهانیی نزیک لەتەواوەتییە"، چونکە زانیاریی تەکنیکی، هەواڵگریی مرۆیی‌و توانای ئۆپراسیۆنی بەیەکەوە کۆکردوه‌تەوە.

پشکی شێر لەهێزەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەشی ئۆپراسیۆنە تایبەتەکان، کە یەکێکە لەو یەکە کەمانەی جیهان کە توانای "لەناوبردنی" ئامانجەکانی لەدەرەوەی وڵات بەنهێنیی ڕەها هەیە.

فەرەنسا لەبوارەکانی دژەتیرۆر، ڕێگریی لەبڵاوبونەوەی چەکی کۆکوژو کیشوەری ئەفریقادا هاوڕکێی بەهێزترین دەزگا جیهانییەکان دەکات.

کێ لەپلەی سێیەم‌و دواتردایە؟
هەواڵگریی هۆڵەندا پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە؛ ئەمەش بەهۆی ناوبانگە بەهێزەکەی لەبواری شیکاریی‌و هەواڵگریی تەکنیکیدا، بەجۆرێک نزیکەی 70%ی شارەزایان لەڕیزبەندی پێنج باشترینەکەی ئەوروپادا داویانە، هۆڵەندا ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لەئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ساڵی 2007 بۆ چاندنی ڤایرۆسی «ستوکسنێت» لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا لەگەڵ CIA و مۆساد.

لەپلەی چوارەمدا، ئۆکرانیا هاتوە دوای ئەوەی بەگەشەسەندنی خێرایی لەئۆپراسیۆنەکانی تێکدان‌و هێرشی ورد دژ بەڕوسیا سەرنجی شارەزایانی ڕاکێشا. 

ئەڵمانیاش لەڕێگەی دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی (BND) پلەی پێنجەمی گرت، کە خاوەن ڕێزێکی بەرزە لەشیکاریی هەواڵگەییدا، جیا لەوەی ڕەخنەی لێدەگیرێت لەڕوی ئۆپراسیۆنە دەرەکییەکانەوە.