شارپرێس:
دواکەوتنی موچە بوەتە خەمو دڵەڕاوکێی سەرەکی سەرجەم ماڵەکانی عێراق، لەکاتێکدا هاوڵاتییان چاوەڕێی بانکەکان دەکەن، دەرگا داخراوەکانو دەنگۆی نەبونی پارە شڵەژانی گەورەی لەشەقامدا دروستکردوە، دۆخەکە گەیشتوەتە قۆناغێک کە لێدوانی بەرپرسانو نیگەرانییەکانی پەرلەمان هێندەی دیكه متمانەی هاوڵاتیانی ههژاندوه.
هۆشدارییە ترسناکەکان لەناوجەرگەی دەسەڵاتەوە
لەکاتێکدا فەرمانبەران لەسەرەتای مانگدا چاوەڕێی شایستە داراییەکانیان دەکەن، دوو سەرچاوەی پەرلەمانیو سەرچاوەیەکی باڵا لەئەنجومەنی وەزیران پەردە لەسەر ڕاستییەکی تاڵ لادەدەن، ئەوان جەختدەکەنەوە کە عێراق لەئێستادا هیچ بڕە پارەیەکی نەختینەی لەبەردەستدا نییە بۆ موچە، پشوی فەرمی بانکەکانو قەیرانی توندی نەختینە (کاش) هۆکاری سەرەکین، حکومەت ناچارە پەنا بۆ قەرزی نوێ لەبانکی ناوەندیی ببات بۆ ئەوەی لەکۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەست بەدابەشکردنی موچە بکاتەوە.
بەرپەرچدانەوەی حکومەت: ئێمە وڵاتێکی هەژار نین
لەبەرامبەر ئەم شەپۆلە لەنیگەرانی، حەیدەر عەبودی وتەبێژی حکومەتی عێراق هاتوەتە دەنگو هەوڵدەدات ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕەکان.
عەبودی بەتوندی دەنگۆکان ڕەتدەکاتەوەو دەڵێت، عێراق وڵاتێکی هەژار نییە، لەئێستادا بڕی100 ترلیۆن دینار نەختینە لەناو ئاڵوگۆڕی ناوخۆدایەو ئەم کێشەیەش تەنها کێشەیەکی کاتییەو چارەسەردەکرێت."
سێبەری شەڕو گەروی هورمز: دۆزینەوەی هێڵی ڕزگاریی
داخستنی گەروی هورمزو ترسی تەشەنەسەندنی جەنگ لەناوچەکەدا، ترسی ڕاگرتنی شادەماری ئابوریی عێراقی لای خەڵک دروستکردوە، بۆ ڕێگریکردن لەهەرەسێهێنان، حکومەت ئێستا لەکێبڕکێدایە لەگەڵ کاتدا بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی، لەوانەش، بۆری جەیھانی تورکی بۆ گەیاندنی نەوت بەبازاڕەکانی ئەوروپا، بۆری نەوتی سوریا وەک دەرچەیەکی ستراتیژیی نوێ لەسەر دەریای ناوەڕاست.
دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک وەزیران
پێکدادانە سیاسییو ئابورییەکان گەیشتنە لوتکە کاتێک دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی زەیدیی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوبوەوە، بەڵام وتەبێژی حکومەت بەتوندی ئەمەی ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران لەپۆستەکەیدایەو ڕوبەڕوی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژوییە دەبێتەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە.
هاوڵاتی عێراقی ئێستا تەنها یەک پرسیاری هەیە، ئایا بەڵێنەکانی حکومەت دەبنە ڕاستیی، یاخود قەیرانی نەختینە بازاڕو بژێویی خەڵک ڕادەستی داهاتویەکی نادیار دەکات؟.
