شارپرێس:
گوستافۆ پیترۆ، سەرۆکی ماوەبەسەرچووی کۆڵۆمبیا لە سەردانێکیدا بۆ هاڤانای پایتەختی کوبا داوای کردووە سەرجەم هەوڵەکان بخەرێنە گەڕ بۆ ڕێگری لە هەر داگیرکارییەکی ئەمریکا بۆ سەر کۆبا، هەروەک لە لێدوانێکیدا بۆ ڕاگەیاندنەکانی کۆبا، داوای لە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرد کە ڕێگەی دیالۆگ بگرێتە بەر.
پیترۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ئەوە هاتووە پەیوەندیی و دیالۆگ وەک بەدیلێک بخاتە ڕوو، تەنانەت لەگەڵ ئیدارەی ئێستای ئەمریکا و وەزیری دەرەوە مارکۆ ڕوبیۆ و ترەمپیشدا، تا ڕێگە لە دەستپێکردنی جەنگ یان هێرشی مووشەکیی بگیرێت.
لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ کە حەزی خۆی بۆ گۆڕینی ڕژێمی کۆبا نەشاردۆتەوە، ئەو دورگەیەی بە هەڕەشەیەکی نائاسایی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا وەسف کردووە و چەندین جار هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی کردووە. پیترۆ باسی لەوە کرد کە پێویستە ئەم مەترسییە بکرێتە دەرفەتێک بۆ دانوستان و ئێستا کاتی دیالۆگە.
ئەم سەردانەی پیترۆ کە یەکەم سەرۆکی چەپڕەوی کۆلۆمبیایە، کەمێک بەر لە کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتییەتی. لە هەمان کاتدا، سەرۆکی هەڵبژێردراوی کۆلۆمبیا، ئەبێلاردۆ دی لا ئێسپرییا کە لە 7ی ئاب دەستبەکار دەبێت، ڕایگەیاندووە کە بەنیازە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆبا و نێکاراگوا بپچڕێنێت.
حکومەتی کۆباش لە وەڵامدا ڕایگەیاند کە ئەم بڕیارەی سەرۆکی نوێی کۆلۆمبیا دەستەمۆیی و پاشکۆیەتیی ئاشکرای ئەو بۆ ئەمریکا دەسەلمێنێت.
پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و هاڤانا لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو تێکچوون، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە مانگی یەکی ڕابردووەوە هاوردەکردنی نەوتی بۆ دورگەکە قەدەغە کرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی بەردەوامی کەرەبای لە کۆبا.
بەپێی وتەی حکومەتی کۆبا، دانوستانەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات هیچ ئەنجامێکی نەبووە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
