ئاندی بێرنهام کار بۆ دانانی دەستورێکی نووسراو بۆ بەریتانیا دەکات

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاندی بێرنهام، سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا،  پشتگیریی لە جێبەجێکردنی دەستوورێکی نووسراو بۆ وڵاتەکەی دەکات کە بە پێچەوانەی زۆربەی وڵاتانەوە، یاسای بنەڕەتیی نییە. لەگەڵ وەرگرتنی پۆستەکەیدا، سەرۆکی پێشووی شارەوانیی مانچستەری گەورە، بەهێزکردنی لامەرکەزییەتی کردۆتە لەپێشینەی کارەکانی حکومەتەکەی.

 
بێرنهام ئاماژەی بەوە کرد کە پلانەکانی بۆ گواستنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ دەسەڵاتە هەرێمی و ناوخۆییەکان، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ڕێککەوتننامەیەکی دەستووریی نوێ.

ناوبراو داوای کۆمەڵێک بنەمای ڕوونی کردووە بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات و جەختی لە پێویستیی دەستوورێکی نووسراو کردەوە؛ چونکە نەبوونی دەستوور ناوچەکان لە هۆکارەکانی وەرگرتنی بڕیار بێبەش دەکات.

بەریتانیا پەیڕەوی کۆمەڵە یاسایەکی جیاواز و بڕیاری دادگا دەکات. بەریتانیا لەهەرێمەکانی ئینگلتەرا، سکۆتلەندا، وێڵز و ئیرلەندای باکوور پێکهاتووە، لە کۆتایی ساڵانی 1990دا چاکسازیی دەستووریی گەورەی ئەنجامدا کە بووە هۆی دروستکردنی پەرلەمان لە ئیدنبەرە، کاردیف و بێلفاست.

بەپێی وتەی شارەزایان، سەرەڕای دروستکردنی زۆرێک لە ئەنجومەنە هەرێمییەکان لە دەیەی ڕابردوودا، ئینگلتەرا هێشتا یەکێکە لە ناوەندگەرا‌ترین وڵاتانی ئەوروپا.

سەرۆک وەزیران لە ڕۆژی هەینیدا پلانێکی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی ڕێگە بە سەرۆک شارەوانییە هەرێمییەکانی ئینگلتەرا بدرێت بەشێک لەو باجەی لە ناوچەکانیاندا کۆدەکرێتەوە بهێڵنەوە.

لەکاتێکدا هەوڵەکانی ئەم دواییەی پەیوەندیدار بە دەستووری نووسراوەوە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی گۆردۆن براون لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2010، لیژنەیەکی پەرلەمانی لە ساڵی 2015دا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە کۆدەنگییەکی ڕوون لەمبارەیەوە نییە و هەر هەوڵێک لەم بارەیەوە پێویستی بە ساڵانێک کارکردن و ڕاوێژی گشتیی بەربڵاو دەبێت.