پەیامەكەی ئۆجەلان بڵاوكرایەوە

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 456 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندی ئیمراڵیی وردەکاریی دیدارەكەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاشکرادەكات کە تێیدا پڕۆژەیاسایەکی نوێ وەک کلیلی کردنەوەی دەرگای ئاشتی و دیموکراسی دیاريكراوە.


لەپەیامەكەیدا عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاندوە، ئەمە ڕێگەی هەزار کیلۆمەترییەو بەهەنگاوێک دەستپێدەکات و ئەم پڕۆژەیاسایە سەرەتای پرۆسەیەکی مێژوییە.

وتوشیەتی،"پرۆسەی دیموکراسیکردن بەقەد گرنگیی دامەزراندنی کۆمار پێویستی بەڕەنج و قوربانیدان و جدییەت هەیەو دەڵێت، چارەسەری کێشەکان تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو خزمەت بە 86 ملیۆن کەس دەکات و دەبێتە هۆی گەشەکردنی دادپەروەری و ئابوری".

لەدرێژەی پەیامەكەیدا ئۆجەلان دەشڵێت، هێشتا هەموو شتێک چارەسەر نەکراوە، بەڵام دۆخێک لەئارادا نییە کە پێویست بەتێڕوانینی نەرێنی بکات و جەخت دەكاتەوە، كە ئەو یاسایەی کە بڕیارە لەلایەن دامەزراوە سیاسییەکانەوە دەربچێت، دەرگا بەڕوی کۆماری دیموکراسیدا دەکاتەوە.

شاندی ئیمراڵیی دەمپارتی لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی بەوە کردوە کە ئۆجەلان هەڵسەنگاندنی وردی بۆ قۆناغی ئێستاو بەرپرسیارێتییە مێژوییەکان کردوە. ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەم پەیامە بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتییە لەوەی کە هەنگاوە یاساییەکان دەتوانن ڕێڕەوی سیاسیی وڵاتەکە بگۆڕن و ژینگەیەکی لەبار بۆ ئاشتیی بەردەوام و پەرەپێدانی ئابوری بڕەخسێنن.