شارپرێس:
ڕاپۆرتی ساڵانەی پێوەری نێودەوڵەتیی پاسپۆرت، گۆڕانکاریی جێوگرافی-سیاسی گەورەی لەئازادیی جوڵەی گەلاندا ئاشکراکرد، بەڵام قەیرانی پاسپۆرتی عێراقی لەقوڵاییدا هێشتەوە؛ بهگوێرهى ئامارە فەرمییەکان، عێراق لەکۆتاییەکانی لیستەکەدا جێگیربوەو دەرگای جیهان بەڕوی هاووڵاتیانیدا داخراوه، بەوپێیەی تەنها ڕێگەیان پێدهدرێت بەبێ ڤیزا یان بەڤیزای کاتیی، سەردانی 28 وڵاتی سنوردار بکەن.
دامەزراوەی نێودەوڵەتیی Henley & Partners نوێترین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بۆ ڕیزبەندی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهان بۆ ساڵی 2026 بڵاوکردەوە، ئەم پێوەرە کە پشت بەداتا فەرمییەکانی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوەی ئاسمانی (IATA) دەبەستێت، گۆڕانکاریی جێوگرافی-سیاسیی گەورەو جیاوازییەکی بێپێشینە لەنێوان هێزی گەشتکردنی هاوڵاتیانی جیهاندا نیشاندەدات.
لوتکەی جیهان: هەژمونی ئاسیاو بازدانی مێژویی ئیمارات
پاسپۆرتی وڵاتی سەنگافورە پێگەی خۆی وەک بەهێزترین پاسپۆرتی جیهان پاراستوە؛ هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە دەتوانن بەبێ ڤیزای پێشوەختە سەردانی 192 شوێن بکەن لەکۆی 227 جێگەی مەبەست لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان.
پلەکانی دوەمو سێیەم بەمشێوازە لەنێوان زلهێزە ئابورییەکاندا دابەشبوە
پلەی دوەم (هاوبەش): وڵاتانی ژاپۆن، کۆریای باشورو ئیمارات بەتوانای چونە ناو 188 وڵات بەبێ ڤیزا، ئیمارات بەگەورەترین سەرکەوتوی 20 ساڵی ڕابردوو دادەنرێت کە توانیویەتی 153 وڵاتی نوێ بۆ لیستی بێ ڤیزاکەی زیادبکات.
پلەی سێیەم (هاوبەش): سوید شانبەشانی چەند وڵاتێکی دیكهى ئەوروپی وەک دانیمارکو لۆکسمبۆرگ بەتوانای سەردانی 186 بۆ 187 وڵات جێگیر بوە.
پاشەکشەی بەردەوامی ئەمریکا
یەکێک لەدیارترین پێشهاتەکانی ڕاپۆرتەکەی Henley Passport Index، بەردەوامی دابەزینی هێزی پاسپۆرتی ئەمریکایە کە ئێستا لەپلەی 10یەمی جیهاندایەو تەنها ڕێگە بەچونە ناو 179 وڵات دەدات، چاودێرانیش هۆکاری ئەم پاشەکشەیە بۆ توندکردنەوەی مەرجەکانی ڤیزا لەلایەن واشنتۆن خۆیەوە دەگێڕنەوە کە وایکردوە وڵاتانی دیكهش مامەڵەی هاوشێوە لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەمریکیدا بکەن.
قوڵایی قەیرانەکە: پێگەی پاسپۆرتی عێراقی لەڕیزبەندییەکەدا
ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە جیهان هێشتا بەڕوی هاوڵاتیانی چەند وڵاتێکدا بەتەواوی داخراوە، پاسپۆرتی عێراقی بەسێیەم لاوازترین پاسپۆرتی جیهان دەستنیشانکراوە؛ هاوڵاتیانی عێراق تەنها دەتوانن بەبێ ڤیزای پێشوەختە (یان بەڤیزا لەکاتی گەیشتندا) سەردانی 28 وڵات بکەن.
لیستی لاوازترین پاسپۆرتەکانی جیهان لەکۆتایی ڕیزبەندییەکەدا بەمشێوازەیە:
1ـ ئەفغانستان: پلەی کۆتایی (تەنها 22 وڵات بەبێ ڤیزا).
2ـ سوریا: پلەی پێش کۆتایی (25 وڵات).
3ـ عێراق: (28 وڵات).
4ـ پاکستان: (29 وڵات).
5ـ یەمەن: (30 وڵات).
بهبڕواى چاودێران، ئەم بۆشاییە گەورەیەی نێوان سەنگافورە (192 وڵات)و ئەفغانستان (22 وڵات) نیشانەی قوڵبونەوەی نایەکسانییە لەئازادیی جوڵەو گەشتکردنی مرۆڤەکاندا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
زانیارییهكانیش باس لهوهدهكهن، عێراق لەماوەی 200 ساڵی ڕابردودا لەپلەی 81وە هاتوە بۆ 102، واتە هەموو ساڵێک لەپاشەکشەدا بوەو لهسهردهمى عێراقى نوێ-شدا، پاسپۆرتى عێراقى زیاتر پاشهكشهیكردوه، ئهم پاشهكشهیهش هۆكاره بۆ دروستبونى ئاستهنگى هاتوچۆو گهشتكردنى بۆ هاوڵاتیهكانى.
