لەبری پارەدان، میوانانی هوتێلەكەیان بانگهێشت دەکات بۆ کارکردن لە کێڵگەکەیان

هەمەڕەنگ

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو هاوسەر لە کۆنیا شێوازێکی جیاواز بۆ گەشتیاری لە تورکیا پێشکەش دەکەن. تیمور و هاندان بولوت لە کێڵگەی خێزانییەکەیان شوێنی مانەوە و خواردن بەخۆڕایی بۆ میوانەکان دابین دەکەن، بەڵام لە بەرامبەردا داوایان لێدەکەن بەشداری لە کارە ڕۆژانەکانی کێڵگەکە بکەن.

میوانانی ئەم هوتێلە کە لەگوندە بۆ ماوەی دوو تا سێ ڕۆژ لە کێڵگەکە دەمێننەوە و بەگوێرەی وەرز، لە چاندنی تۆو، پاککردنەوەی زەوی لە گژوگیا، یان کۆکردنەوەی بەرهەمەکان بەشداری دەکەن.
ئەم دوو هاوسەرە هیچ پارەیەک لە میوانەکان وەرناگرن، نە بۆ مانەوە و نە بۆ خواردن. بە بڕوای ئەواندا، میوان بە کار و هەوڵی خۆی بەهای گەشتەکەی دەدات.
تیمور بولوت دەڵێت، لە کاتی کۆرۆنا کارەکەی لە ئەستەنبوڵ جێهێشت و گەڕایەوە بۆ زێدی خۆی. ئامانجی ئەوە بوو شوێنێک دروست بکات کە خەڵک بتوانن ژیان لە گوند تاقی بکەنەوە، لەگەڵ سروشت پەیوەندییەکەیان نوێ بکەنەوە و لە ژیانی شار دوور بکەونەوە.
بەڵام مەرجێکی تریش هەیە؛ هەر میوانێک دەبێت نەمامێکى میوە لەگەڵ خۆی بهێنێت و لە کێڵگەکە بیچێنێت، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو شوێنە و دارەکەی خۆی ببینێت کە بە دەستی خۆی چاندوویەتی.