بەهۆی بێزارکردنی ورچێکی خەوتوو.. سەرنشینی کەشتییەک سزایەکی قورس دەدرێت

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەفتارێکی نەگونجاوی سەرنشینێکی کەشتییەک لە کۆمەڵە دوورگەی سڤالباردی نەرویجی، بووە هۆی پێبژاردنێک بە بڕی 50 هەزار کرۆنی نەرویجی کە دەکاتە نزیکەی 4550 یۆرۆ، دوای ئەوەی هۆڕنی تەمومژی بەکارهێنا بۆ بەئاگاهێنانەوەی ورچێکی جەمسەری کە لەسەر وشکانی بۆ خەوتن پاڵکەوتبوو.

ڕووداوەکە لەم مانگی ئابەدا ڕووی داوە، کاتێک کە کەشتییەکە لە یەکێک لە گەرووەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کۆمەڵە دوورگەی سڤالبارد لە ناوچەی جەمسەری باکووردا دەستی بە دەریانوانی کردبوو.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی پارێزگاری سڤالبارد و وەک ئاژانسی "فرانس پرێس" ئاماژەی پێ داوە، سەرنشینانی کەشتییەکە ئاگاداری بوونی ورچێکی جەمسەری خەوتوو بوون لەسەر زەوی، پێش ئەوەی یەکێک لەوانەی لەسەر کەشتییەکە بوون هۆڕنی تەمومژەکە لێ بدات، کە بووە هۆی خەبەربوونەوەی ئاژەڵەکە و دوورکەوتنەوەی لە شوێنەکە.

کەسەکە ڕەزامەندیی لەسەر ئەو غەرامەیە دەربڕیوە کە لەلایەن نووسینگەی پارێزگاری کۆمەڵە دوورگەکەوە بە بڕی نزیکەی 4550 یۆرۆ بەسەریدا سەپێنراوە، تاوەکو ڕووداوەکە بە سزایەکی دارایی بەهۆی هەراسانکردنی ئاژەڵێکی کێویی پارێزراوەوە کۆتایی پێ بێت.

ورچە جەمسەرییەکان لە سڤالبارد لە ساڵی 1972ەوە لەژێر پاراستنی یاسایدان، و ئەو یاسایانەی لە کۆمەڵە دوورگەکەدا کاریان پێ دەکرێت ڕێگری لە هەراسانکردنی ئەم ئاژەڵانە دەکەن بێ هۆکار، یان ڕاکێشانی سەرنجیان یان شوێنکەوتنیان.

ئەم پاراستنە گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە ناوچەیەکدا کە بە ی سەرەکیی ورچە جەمسەرییەکان ئەژمار دەکرێت، چونکە دوایین سەرژمێریی زانستیی بەردەست کە لە ساڵی 2015 ئەنجام دراوە، ئاماژە بە بوونی نزیکەی 260 ورچی جەمسەریی دەکات لە کۆمەڵە دوورگەی سڤالبارد.

دەسەڵاتدارانی نەرویج ڕێکار و کۆتوبەندی توند دەسەپێنن بەسەر چالاکییەکانی مرۆڤ لەو ناوچانەی ورچە جەمسەرییەکانی تێدا دەژین، بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەریی هاتووچۆی کەشتییەکان و گەشتوگوزار و چالاکییەکانی دیکە لەسەر ژیانی کێوی.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی