وتەبێژی دەم پارتی: بۆ یەكەمجار هەنگاوێكی یاساییمان نا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند "لە مێژووی توركیادا بۆ یەكەم جار یاسایەكی لەم شێوەیە ئامادە كرا. دوای چەندین ڕۆژ لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن، یاساكە ئامادە كرا. لە ئەنجامی دەنگدانێكی گەورەدا بە ٤٦٧ دەنگ، ئەو یاسایە لە كۆبوونەوەی گشتیی پەرلەماندا پەسەند كرا و بوو بە یاسا. بۆ ئێمە یاسایەكی گرنگ بوو. بۆ یەكەم جارە ئێمەش یاسایەك واژۆ دەكەین."

ئایشەگوڵ دۆغان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بێگومان ئەم یاسایە چارەسەری بۆ هەموو كێشەكان ناهێنێت. ئێمە ڕەخنە لە كەموكوڕییەكانی دەگرین، بەڵام گرنگییەكەشی دەخەینە ڕوو. بۆ یەكەم جارە بە شێوەیەكی بەرجەستە دەچینە قۆناغێكی یاساییەوە. لە پرسی سەد ساڵەدا بۆ یەكەم جار هەنگاوێكی یاسایی هەیە. كەسانێكیش هەن كە دژی پرۆسەكەن. بێگومان ڕەخنە و پێشنیار، پرۆسەكە بەهێز دەكات. هەندێك دەڵێن ئەو پرۆسەیە دەوڵەت لاواز دەكات. ئەوە پرۆسەیەكی مامەڵە و دانوستان نییە. ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی سوود لەم پرۆسەیە دەبینن. شەڕ تەنها قەیرانی ئابوری و دیموكراسی لێ كەوتەوە و هیچی تری بەدوای خۆیدا نەهێنا."

ئایشەگوڵ  دۆغان دەڵێت "بەبڕوای ئێمە، پێویستە هەمووان وانە لە پرۆسە شكستخواردووەكانی پێشوو وەربگرن. وانەوەرگرتن لەڕێگەی یاساوە دەچەسپێت. ئێستە ئەمە دەكرێت، بۆ چارەسەربوونی پرسەكان، هەوڵ و هەنگاو هەن."

 دەشڵێت "هەڵبەتە ئەم یاسایە هەموو چاوەڕوانییەكانی ئێمە پڕ ناكاتەوە. دەبێت ئەو هەزاران كەسەی لە زیندانەكانن، ئازاد بكرێن. هەزاران كەس بتوانن بگەڕێنەوە. ئەو یاسایە دەتوانێت زەمینەیەكی یاسایی بۆ چارەسەری دابمەزرێنێت. ڕێگەی ئێمە هەمیشە ئاشتی و دیموكراسییە. تا ئێستا گۆڕەپانی سیاسەتی دیموكراتیك هەمیشە بەهۆی ئەم پاساوانەوە تاوانبار دەكرا. بەڵام ئێستا سەردەمێكی نوێ دەست پێ دەكات. ئەو یاسایە دەرگا بۆ قۆناغێكی نوێ دەكاتەوە. جێبەجێكردنی یاساكەش جێی سەرنج و پرسیارە. كارەكانی ئێمەش بەردەوامن. دەبێت هەندێك دەستە دابمەزرێن، بەڵام وردەكاری و كارەكانی لە ڕۆژانی داهاتوودا دیار دەبن."