له‌باره‌ى سزادانی به‌شار ئه‌سه‌ده‌وه‌ دیمه‌شق وه‌ڵامێكى توندى ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ده‌داته‌وه‌

جیهان

11 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى ئه‌وه‌ى دادگای تاوانەکانی سوریا سزای لەسێدارەدانی غیابی بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی لادراوو عاتف نەجیبی بەرپرسی پێشوی ئەمنی دەرکرد، هاوکات وەزارەتی دادی سوریا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی‌و ڕادەستکردنەوەی تۆمەتباران لەڕێگەی ئینتەرپۆلی نێودەوڵەتییەوە پێکهێنا، هاوكات وەزارەته‌كه‌ بەتوندی ڕەخنەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەسەر سزای لەسێدارەدانی بەشار ئەسەد ڕەتکردەوەو ڕایگەیاند، دادگاییکردنەکە بەتەواوی مەدەنی‌و بێلایەن بوەو مافی یاسایی قوربانییەکانی پاراستوە.


دادگای مەدەنی تاوانەکان لەسوریا، بۆ یەکەمجار لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو لەکۆتایی ساڵی 2024، سزای لەسێدارەدانی بۆ بەشار ئەسەدو عاتف نەجیب دەرکرد، مستەفا قاسم یاریدەدەری وەزیری داد ڕایگەیاند، لیژنەیەکی فەرمی دەستی بەپەیوەندیی کردوە لەگەڵ نوسینگەی ئینتەرپولی نێودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەوکەسانەی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

وەزارەتی داد نوسینگەیەکی تایبەتی داناوە بۆ ئەوەی ئەو هاوڵاتییانەی لەڕابردودا مافیان خوراوە، بتوانن سکاڵاکانیان تۆماربکەن، هاوکات، وەزارەتەکە لەگەڵ حکومەتەکانی وڵاتانى دیكه‌ لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی دەستبەسەر ئەو پارە دزراوانەی سوریادا بگرن کە براونەتە دەرەوەی وڵات‌و هه‌وڵده‌ده‌ن بیگەڕێننەوە بۆ خەڵک.

وەزارەتی داد بەتوندی وەڵامی بەیاننامەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دایەوەو ڕایگەیاندوه‌، ڕەخنەکانیان دورن لەڕاستی‌و بەتەواوی پێچەوانەی ئەو گەرەنتییە دەستوریانەن کە دراونەتە تۆمەتباران.

وەزارەتەکە جەختیکردوه‌ته‌وه‌، دادگاییکردنەکە لەلایەن دادوه‌رى خاوەن ئەزمون‌و بەبەشداریی ڕاستەوخۆی قوربانییان‌و پارێزەرەکانیان بوە، دور لەهەر جۆرە تۆڵەسەندنەوە یان ململانێیەکی سیاسیی.

به‌گوێره‌ى ڕونکردنەوەی وەزارەت، سزای لەسێدارەدان لە دەقە یاساییەکانی سوریادا بونی هەیەو دادگاییکردنی غیابیش شەرعیەت‌و دادپەروەریی پرۆسەکە لەکەدار ناکات.

ڕێکخراوەکە داوایکردبوو، بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ لەسوریا، پێویستە سزای لەسێدارەدان‌و دادگاییکردنی غیابی بەتەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە، هه‌روه‌ك داوای چاکسازیی ڕیشەیی لەسیستەمی دادوەریی کردبوو، بەشێوەیەک کە مافی قوربانییان بپارێزرێت‌و سزا توندەکان قەدەغە بکرێن.

مەزهەر ئەلوەیس وەزیری دادی سوریا له‌وباره‌یه‌وه‌ وتویه‌تى، "سزاى ده‌رچوو دژی عاتف نەجیب بەناوی تەواوی گەلی سوریاوە بوە، ئەم بڕیارانە پەیامێکی ڕونن بۆ ئەوەی کە هیچ کەسێک لەسەروی یاساوە نییەو مافی گەل دوای ساڵانێک لەچەوسانەوە، دواجار دەگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکەی".