شارپرێس:
مایک هاکابی باڵیۆزی ئەمریکا لەئیسرائیل، بەتوندی سەرکۆنەی
ئەو گەمارۆیە دەکات کە لەلایەن نیشتەجێبوانی جوەوە (موستەوتینەکان) خرابوەسەر خێزانێکی
فەڵەستینی لەگوندی "قەسرە" لەکەناری ڕۆژئاوا، دهشڵێت، "باڵیۆزخانەی
ئەمریکا لەقودس بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردانی کردوە بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆیەو
دورخستنەوەی چەکدارەکان لەناوچەکە".
مایک هاکابی لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی "X" هێرشبەرانی بە"تیرۆریستی ئیسرائیلی" ناوبردو ڕایگەیاند،
"هێزەکانی سوپاو پۆلیسی ئیسرائیل لەسەر داوای ڕاستەوخۆی ئەمریکا چونەتە شوێنی
ڕوداوەکە بۆ دورخستنەوەیان".
باڵیۆزەکە ئەم ڕەفتارانەی بە"تاوانکاریی، ترسناکو قێزەون"
وەسفکرد کە ئامانجیان تۆقاندنو بێزارکردنی خێزانە فەڵەستینییەکە بووە، جەختیشیکردەوە،
"ئەمجۆرە ڕەفتارانە بەهیچ شێوەیەک پاساویان بۆ ناهێنرێتەوە".
ئەم لێدوانانەی هاکابی لەکاتێکدایە کە فشارەکانی واشنتۆن
بۆسەر ئیسرائیل بەهۆی ڕوداوەکانی گوندی "قەسرە"وە ڕوی لەزیادبونکردوە.
ڕاپۆرتە میدیاییە ئیسرائیلییەکان ئاشکرایانکردوە، بەرپرسێکی
باڵای کۆشکی سپی بەنیازە بەهۆی ئەم بابەتەوە پەیوەندیی بەبنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی
ئیسرائیلەوە بکاتو داوای ڕونکردنەوەی لێبکات.
ئیدارەی ئەمریکاو دەوروبەری دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن لەشێوازی
مامەڵەکردنی دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ پشێوییەکانی ئەو گوندە، چونکە پێیانوایە،
ئیسرائیل بەو خێراییە پێویستە نەجوڵاوەتەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.
لەپاشەکشەی ئەم ڕوداوانەدا، ئەیال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای
ئیسرائیل فەرمانیکرد بەناردنی فەوجێکی زیادەی هێزی پیادە بۆ ناوچەکە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی
دۆخەکەو ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی ڕوداوی مەترسیدار.
سوپای ئیسرائیل هەردوو گوندی "قەسرە"و "جالود"ی
وەک ناوچەیەکی سەربازیی داخراو ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی هێرشبەران گەمارۆی دوو ماڵیان
لەو سنورەدا دابوو.
گوندی قەسرە کە دەکەوێتە باشوری شاری نابلس لەکەناری ڕۆژئاوای
فەڵەستین، ڕوداوێکی ئەمنیو مرۆیی سەرنجڕاکێش ڕویداوە کە تێیدا کۆمەڵێک لەنیشتەجێبوانی
جوو (موستەوتینەکان) بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک گەمارۆی توندیان خستوەتەسەر سێ ماڵی فەڵەستینی.
نیشتەجێبوە جوەکان خێمەیەکیان لەحەوشەو بەردەم ماڵە فەڵەستینییەکان
هەڵداوەو ڕێگەیانگرتوە لەچونەژورەوەو هاتنەدەرەوەی دانیشتوانەکەی، هاوكات ئاو، کارەباو
هێڵەکانی گەیاندنیان لێ بڕیونو ڕێگەیان نەداوە هیچ جۆرە خۆراکو دەرمانێکیان پێبگات.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان، نزیکەی 15 هاوڵاتیی
فەڵەستینی (کە منداڵیشیان تێدایە) لەناو ماڵەکانیاندا لەدۆخێکی توند لەترسو تۆقاندندا
گیریاندخواردوە، بەهۆی ئەوەی چەکدارە جوەکان شەوانە بەبەردەوامی بەردبارانی ماڵەکانیان
کردوەو جوێنیان پێداون.
یەکێک لەو ماڵانەی گەمارۆدراون، خاوەنەکەی بازرگانێکی فەڵەستینییە
کە ڕەگەزنامەی ئەمریکی هەیە، ئەم خێزانە هاواریان بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا بردوەو ئەمەش
وایکردوە واشنتۆن ڕاستەوخۆ بێتەسەر هێڵ.
دوای ئەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل سەرەتا نەیانتوانی یان
نەیانویست نیشتەجێبوەکان دوربخەنەوە، ئەمریکا بەتوندی هاتەدەنگ، مایک هاکابی باڵیۆزی
ئەمریکا لەئیسرائیل بەفەرمی ڕایگەیاند، ئەوان فشارو داوایان لەئیسرائیل کردوە بۆیە
سوپاو پۆلیس چونەتە شوێنەکە بۆ دورخستنەوەی هێرشبەران کە هاکابی بەتیرۆریستی ئیسرائیلی
ناوی بردن.
دوای توندبونی دۆخەکە، سوپای ئیسرائیل خێمەی نیشتەجێبوەکانی
تێکداوه، بەڵام بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکەو ڕێگریکردن لەپێکدادانی خوێناوی، فەوجێکی
دیکەی سەربازیی ناردوەو گوندی قەسرەو گوندی جالودی دەوروبەری وەک ناوچەی سەربازیی داخراو
ڕاگەیاندوە.
