شارپرێس:
ڕاوێژکارێکی باڵای فەرماندەی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، ڕەنگە ئێران جەنگەکە تا دورکەوتنەوەی دۆناڵد ترەمپ لەپۆستەکەی درێژە پێبدات، هاوکات سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی بۆ ئاژانسی ڕۆیتهرز ڕایگەیاندوە، واشنتۆنو تاران هیچ باسێک لەدرێژکردنەوەی ئاگربەست ناکەن، چونکە بەبڕوای تاران ئەو ئاگربەستە هەر لەبنەڕەتدا دەستیپێنەکردوە.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوەهاتن کە لەزاری سەرچاوەکانی حکومەتی پاکستانەوە بڵاوکرایەوە تارانو واشنتۆن ڕێککەوتون لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی 60 ڕۆژ بهگوێرهى ڕێککەوتنە کاتییەکەی مانگی حوزەیران.
بەڵام سەرچاوە ئێرانییەکە جەختیکردوهتەوە، ئەمریکا دوای 48 کاتژمێر ڕێککەوتنەکەی پێشێلکردوەو دوای چەند ڕۆژێک لێی کشانەوە، بۆیە هیچ شتێک نییە درێژبکرێتەوە، ڕێککەوتنەکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکانی دەکرد لەهەموو بەرەکان، بەڵام هەرزوو هەرەسیهێنا.
ترەمپ لە 7ی تەمموزدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێهاتوە، دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە هەڵپەسێردراوە، ماوەی 60 ڕۆژەکە چوارچێوەیەکی کاتیی بوو بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بەبەرنامەی ئەتۆمیو هەڵگرتنی سزاکان، لەگەڵ مەرجەکانی وەک ئاگربەست لەلوبنانو ئازادیی کەشتیوانیی لەکەنداو.
لهلایهكی دیكهوه، ئاستی گرژییەکان زیادیکردوەو موحسین ڕەزایی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانی ڕایگەیاند، گهروى هورمز بەداخراوی دەمێنێتەوە تا ئەمریکا مەرجەکانی تاران جێبەجێنەکات، لەوانە ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێرانیو کۆتاییهێنان بەجەنگەکانی ناوچەکە لەلوبنانو کەرتی غەززە.
