دەنگێک لەڕابردوەوە؛ چیرۆکی زوڕناکانی توت عەنخ ئامون لەڕادیۆی BBCوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر

هەمەڕەنگ

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1261 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەئێوارەیەکی مانگی ئاپریلی ساڵی 1939دا، نزیکەی 150 ملیۆن گوێگر لەسەرتاسەری جیهاندا ڕویان لەئامێرەکانی ڕادیۆ کرد بۆ بیستنی ڕوداوێکی مێژویی؛ پەخشکردنی دەنگی زوڕناکانی پادشای میسری کۆن، توت عەنخ ئامون کە بۆ زیاتر لەسێ هەزار ساڵ لەناو گۆڕەکەییدا بێدەنگ ببون.


ئاهەنگەکە لەڕێگەی دەستەی ئێزگەی بەریتانیا (BBC) و لەمۆزەخانەی میسری لەقاهیرەوە پەخشکرا، کە تێیدا میوزیکژەنێکی بێلایەنی سوپای بەریتانیا نۆتەی سەربازیی پێ لێدان.

ئەو دوو زوڕنایە کە یەکێکیان لەزیوو ئەوی دیكه‌یان لەبڕۆنز یان مس دروستکرابوو، نەک هەر بەرزترین ئاستی هونەری میسرییەکانی کۆن دەردەخەن، بەڵکو هێمایەکی ئایینی‌و گەردونی بون بۆ گەشتەکەی توت عەنخ ئامون بەرەو جیهانی دیکە، بەڵام ئەم پەخشە بێ کۆسپ نەبوو؛ لەکاتی مەشقەکاندا زوڕنا زیوەکە شکاو بوە هۆی توشبونی شوێنەوارناسان بەشۆک، هەروەها لەکاتی پەخشە ڕاستەوخۆکەشدا کارەبا پچڕاو چالاکییەکە لەژێر ڕۆشنایی مۆمدا بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ، دوای دەیان ساڵ لەو ڕوداوە، ئەم زوڕنا بەنرخانە شوێنی نوێی خۆیان لەمۆزەخانەی گەورەی میسر (GEM) دۆزیوەتەوە، ئامێرەکان لەناو شوێنگەلی تایبەتدا دانراون کە پلەی گەرمییان لەنێوان 18 بۆ 22 پلەی سیلیزیدا ڕاگیراوە بۆ پاراستنی بەشە دارینەو هەستیارەکانیان.

ئەم ڕێکارانەو بەهێزکردنی سیستەمی ئەمنی دوای ئەوەهات، لەساڵی 2011دا یەکێک لەزوڕناکان دزراو دواتر لەوێستگەیەکی میترۆدا دۆزرایەوە.

بەهۆی ناسکی‌و هەستیاریی زۆریان، پسپۆڕانی شوێنەوارناسیی وەک سەلما ئیکرام‌و یاسەمین عەبدولڕەئوف جەختدەکەنەوە، ئەم ئامێرانە هەرگیز جارێکی دیكه‌ لێنادرێنه‌وه‌.

ئەم ئەزمونە مێژوییە بوە وانەیەکی گرنگ بۆ جیهان لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ شوێنەوارە ڕەسەنەکانداو لەئێستادا تەکنەلۆژیای نوێ هاوکارە بۆ گەیاندنی تۆماری دەنگی ئەم بوقانە بەنەوەکانی داهاتوو بەبێ مەترسی دروستکردن بۆسەر تەمەنی پارچەکان.