وەزارەتی بەرگری لەبارەی دەنگۆی کشانەوەی ‌سوپای عێراق لەسنوری کەرکوک ڕونکردنەوە دەدات

عیراق

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3761 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بەرگری عێراق رەتیکردەوە هیچ خاڵێکی سەربازییان لەنێوان پارێزگای کەرکوک و قەزای خورماتوو کشابێتەوە.


وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق لەلێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەکرد،" ئەو دەنگۆیانەی لە میدیاکان باس لە کشانەوەی هێزەکانی سوپای عێراق لەنێوان کەرکوک و خورماتوو دورن لەڕاستییەوە ".

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ڕونیشیکردەوە، ئەوەی ڕویدا دوبارە بڵاوەپێکردن و شوێنگۆڕینی نێوان هێزەکان بوە،  لەهەندێک شوێنیش هێزی زیاتر جێگیرکراوە، ئەوەش لەچوارچێوەی پلان و رێکارە سەربازیییەکان بوە و هیچ پەیوەندییەکی بە کشانەوە و چۆڵکردنی خاڵ و بنکە سەربازییەکان نەبوە.

ئەم ڕونکردنەوەیەی وەزارەتی بەرگری لەکاتێکدایە، ماوەیەک لەمەوبەر لەبەشێک لە میدیاکان وابڵاوکرایەوە کە هێزەکانی سوپای عێراق سنورەکانی کەرکوکیان بەرەو ناوچە سنورییەکان لەگەڵ سوریا چۆڵکردوە، ئەوەش بەمەبەستی توندوتۆڵکردنی ئەو سنورانە.