شارپرێس:
سەرباری بەردەوامیی شەڕی دەرونیو سەربازیی
لەناوچەکە، ڕاپۆرتە هەواڵگرییو میدیاییەکان ئاماژە بەپەرەسەندنی بێپێشینەی گرژییەکان
لەناوخۆو سەر سنورەکانی ئێران دەکەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ جوڵە سەربازییە فراوانەکانی
ئەمریکا لەئاوەکانی کەنداوو گەروی هورمز.
بەرەی ناوخۆ؛ داڕمانی ئابورییو درز لەناوەندەکانی
بڕیاردا
سەرچاوە ناوخۆییەکان جهختدهكهنهوه،
بارودۆخی بژێوییو ئابوریی لەئێران بەرەو خراپتربون دەچێت، بەهۆی گەمارۆ خنکێنەرەکانو
ڕێگریی توند لەهەناردەکردنی نەوت، دامەزراوەکانی دەوڵەت ڕوبەڕوی جۆرێک لەئیفلیجبون
بونەتەوە؛ بەجۆرێک کێشەی کەمیی سوتەمەنیو دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانو هێزە چەکدارەکان
سەریهەڵداوە.
هاوکات، ڕاپۆرتەکان تیشکدەخەنەسەر بونی ناکۆکیی
توند لەنێوان مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆمارو فەرماندەیی سوپای پاسداران، پزیشکیان هۆشداریداوە
لەوەی، سیاسەتە توندڕەوەکانی سوپای پاسداران وڵات بەرەو کارەساتی ئابورییو وێرانکاریی
زیاتر دەبات، ئەم ناکۆکییە سیاسییەش لەکاتێکدایە، ڕاپۆرتەکان باس لەدابەزینی ورەی
هێزە ئەمنییەکانو جیابونەوەی سنوردار لەناو ڕیزەکانی سوپادا دەکەن، هاوشان لەگەڵ
خۆپیشاندانی پچڕپچڕ لەناوچە جیاوازەکاندا.
پەرەسەندنی مەیدانیو بەرپەرچدانەوەی چالاک
لەکوردستانو بەلوچستان
لەسەر ئاستی مەیدانیی، ناوچە سنورییەکانی ئێران
لەگەڵ ههرێمى كوردستان، (بەتایبەت پیرانشار، مەهابادو کرماشان)و ههروهها پارێزگاكانی
سیستانو بەلوچستان، شایەتی جوڵەو هێرشی خێرای گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنن، لە48
کاتژمێری ڕابردودا، چەندین کردەوەی شەڕی پارتیزانیو بهئامانجگرتنى ئەفسەرانی
سوپای پاسداران تۆمارکراون.
هێرشەکانی دوشهوى ڕابردوی ئێران بۆسەر
سنورى پارێزگاى هەولێر، لەلایەن چاودێرانەوە، وەک وەڵامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەم چالاکییانە
سەیر دەکرێت، سوپای پاسداران لەئێستادا ستراتیژی "بەرپەرچدانەوەی چالاک پەیڕەودەکات
کە لێدانی پێشوەختەو دانانی کەمین لەخۆدەگرێت بەمەبەستی ڕێگریکردن لەدزەکردنی زیاتری
نەیارەکانی بۆ ناوخۆی وڵات.
گەمارۆی دەریایی ئەمریکاو ئامادەکاریی بۆ ئەگەری
شەڕ
لەلایەکی دیكهوه، جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا
هێندەی دیكه دۆخەکەی ئاڵۆزترکردوە، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی (جۆرج واشنتۆن) بەیاوەریی
چەندین تێکشکێنەر لەڕێگەی گەروی سەنگافورە-مەلاکا گەیشتوەتە ناوچەکە، هاوکات فڕۆکەی
سوتەمەنیبەخش لەسعودیە نیشتونەتەوەو فڕۆکە ئەپاچییەکانی ئەمریکا بەئاشکرا بەسەر گەروی
هورمزو دورگە ئێرانییەکاندا دەفڕن، کە ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ شەڕێکی گشتگیر دەبینرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ناوچە دەریاییەکانو دورگە
ستراتیژییەکانی وەک (خارک، ئەبوموسا، تومبی گەورەو بچوکو لارک) کە شادەماری هەناردەی
نەوتن، کەوتونەتە ژێر چاودێریی توندی هەردولا، ئێران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەگەری هەر
هێرشێکی وشکانی یان دەریایی-وشکانی لەلایەن ئەمریکاوە، دەستی بەبەهێزکردنی بەرگرییەکانی
کردوە؛ لەوانە گواستنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی گۆڕاو (مانپاد)، چاندنی مین،
دروستکردنی قەڵای سەربازییو دەستپێکردنی هەڵمەتی ناونوسینی سەربازیی فراوان.
