وەزارەتی دارایی دەستی بەداڕشتنی بودجەی 2027 کردوەو واده‌ى گه‌یشتنى به‌په‌رله‌مان ئاشكراده‌كرێت

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بەغدا بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگریی لەسەر زیادکردنی پشکی دارایی خۆی بۆ 14.1٪ دەکاتەوە، ئەمەش بەپشتبەستن بەداتاکانی سەرژمێریی گشتیی، لەکاتێکدا عێراق دەیەوێت سیستەمێکی نوێی تەرخانکردن پەیڕەوبکات کە پێدانی پارە بەستراوەتەوە بەئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژە ڕاستەقینەکانەوە.


لیژنەی دارایی لەپه‌رله‌مانى عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی دەستی بەئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 کردوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وڵات بەهۆی ئاسته‌نگه‌كانى هەناردەی نەوتەوە، لەناو قەیرانێکی سەختی دارایییدا گوزەر دەکات.

ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی فەرمیدا ئاشکرایکرد، لەکۆبونەوەی ئەمدواییەیاندا لەگەڵ سەرۆک وەزیران، لەسەر چەندین دۆسیە ڕێککەوتون کە گرنگترینیان خێراکردنی پڕۆسەی ناردنی بودجەی 2027ى عێراقه‌، به‌گوێره‌ى یاسای کارگێڕی دارایی، دەبێت پڕۆژەیاسای بودجە لە 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا (15ى 10) بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بەخێرایی پەسەندبکرێت.

دلێمی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم بودجەیە بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی دارایی، دیاریکردنی نرخی فەرمیی دینار، نرخی نەوت‌و ڕێکخستنی میکانیزمەکانی هەناردەکردن، زۆر گرنگ‌و چارەنوسسازە.

لەبەشێکی دیكه‌ى پەرەسەندنەکاندا، ئه‌وه‌ش ئاشكرابوه‌، لیژنەی دارایی بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەت، یاسای بەخشین‌و قەرزارکردنی (قانون المنح والاقتراچ)ى گەڵاڵەکردوەو بڕیاره‌ لەناوه‌ڕاستى ئه‌م هەفتەیه‌دا خوێندنەوەی یەکەم بۆ ئەم یاسایە لەناو هۆڵی پەرلەماندا بکرێت، بەئامانجی دۆزینەوەی دەرچەی دارایی نوێ بۆ حکومەت.

سەبارەت بەدۆسیەی گەرمی دامەزراندن‌و جێگیرکردنی کارمەندانی گرێبەست (تپبیت العقود)، ئەندامەکەی لیژنەی دارایی هۆشداریداو ڕایگەیاند، "دۆخی دارایی عێراق لەئێستادا بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەوە زۆر سەختە، بۆیە لەگەڵ سەرۆک وەزیران‌و وەزیری دارایی، باسی ئەم بابەتەمان نەکردوەو پێشبینیدەکەین، دەوڵەت لەبەر بێ پارەیی نەتوانێت بچێتە ناو ئەم وردەکارییانەوە."

لەکۆتاییدا ئومێدی خواست، "کێشەی هەمیشەیی سەرموچە‌و بەرزکردنەوەی پلەی فەرمانبەران (الترفیعات والعلاوات)، لەناو هەموارو جێگیرکارییەکانی بودجەی 2027دا چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە".

عێراق بۆ ساڵی 2026 بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان‌و دۆخی ناوچەکەوە هیچ بودجەیەکی فەرمی پەسەند نەکرد، حکومەتی فیدراڵی بۆ خەرجییەکانی ئەمساڵى، پەنای برده‌بەر پەیڕەوکردنی سیستەمی خەرجکردنی یەک لەسەر دوازدەی بودجەی ساڵی ڕابردوو بۆ موچە.

یاساى سێ ساڵه‌ (2023، 2024و 2025)، لەکۆتا بودجەی فەرمیی پەسەندکراودا، پشکی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 12.67٪ دیاریکرابوو، بەڵام لەڕاستیدا، بەهۆی خەرجییە حاکمیه‌كان (واته‌ ئەو خەرجییە گشتییانەن كه‌ لەناو بودجه‌ى فیدراڵیی عێراقدا ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بۆ کڕین یان دابینکردنی کۆمەڵێک شتومەک‌و خزمەتگوزاریی بڕیاریان له‌باره‌وه‌ ده‌درێت) له‌گه‌ڵ ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، تەنها بڕی پارەی پێویست بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابیندەکرا، دواتر بەهۆی نەبونی بودجەی فەرمی لە2026دا، بەغدا هاوشێوەی پارێزگاکانی دیكه‌ى عێراق تەنها پارەی موچەی فەرمانبەرانی هه‌رێمى نارد.

وەزارەتی دارایی‌و پلاندانانی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوایانکردوە، پشکی هەرێم لەبودجەی 2027دا بۆ 14.1٪ بەرزبکرێتەوە، ئەم داواکارییە چه‌ند هۆكارێكى هه‌یه‌، یه‌كه‌میان: به‌گوێره‌ى داتا نوێیەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم پشکی ڕاستەقینەی خۆی بەرزكردوه‌ته‌وه‌ (کە نزیکەی 15٪ بۆ 15٪ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، دوه‌م: هەرێم دەیەوێت لە2027دا پشکەکەی تەنها بۆ موچە نەبێت، بەڵکو پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، وەبەرهێنان، شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکان‌و پلەبەرزکردنەوەی (ترفیعات) فەرمانبەران لەخۆبگرێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ حکومەتی عێراق ڕایگەیاندوە، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات لەبودجەی 2027دا سیستەمی بودجەی بەرنامەو پێشکاریکردن پەیڕەو دەکات، واتە پێدانی پارە بەستراوەتەوە بەئەنجام‌و پڕۆژە ڕاستەقینەکانەوە نەک تەنها تەرخانکردنی ڕێژەی سەر کاغەز.