داهاتى ده‌روازه‌كانى عێراق ته‌نها له‌مانگى ڕابردودا 500 ملیار دینارى تێپه‌ڕاند

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

فەریق عومەر عەدنان وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، دەروازەکان لەمانگی تەمموزی ڕابردودا، داهاتێکی دارایی بێپێشینەیان بەبڕی زیاتر لە 500 ملیار دینار بەدەستهێناوە، ده‌شڵێت، "ئەم بازدانە گەورەیە لەداهاتدا بەهۆی توندکردنەوەی ڕێوشوێنە چاودێرییەکان‌و پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی هاتوەتە بەرهەم".


وائیلی ڕونیکردەوە، سەردانی ئەمدواییەی سەرۆک وەزیران بۆ بارەگای دەستەکە، پاڵپشتییەکی گەورەیە بۆ پرۆسەی دژە گەندەڵی، لەو چوارچێوەیەدا، زه‌یدیى ڕێنمایی توندی داوە بۆ هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی بەمەبەستی ڕێگریکردن لەساختەکاریی، لەگەڵ پێدانی ئەولەویەتی ڕەها بەبەرەنگاربونەوەی قاچاخچێتی دەرمان‌و مادە هۆشبەرەکان کە مەترسی ڕاستەوخۆن بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵگه‌.

سەرۆکی دەستەکە ئاشکراشیکرد، پلانەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی (ڕێڕەوی گەشەپێدان)و کاراکردنی ترانزێتی نێودەوڵەتی خراونەتەڕوو، بۆ ئەوەی پێگەی جوگرافی عێراق وەک ئەڵقەی بەستنەوەی نێوان ئەوروپاو وڵاتانی کەنداو بەهێزتر بکرێت.

وائیلی جه‌ختیكرده‌وه‌، دەستەکەیان هەنگاوی گەورەی ناوە له‌ڕۆژى تەواوی کارە بەڕێوەبەرایەتی‌و گومرگییەکان لەڕێگەی دەستی‌و کاغەزەوە بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی‌و کۆمپیوتەری هۆشمەند؛ بەجۆرێک کە چاودێریکردنی بارهەڵگرەکان، پشکنینی سۆنارو وردبینیکردنی پسوڵەی کڕین بەبێ دەستوەردانی مرۆیی ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی ڕێگریی لەگەندەڵی‌و دزینی داهات بکرێت.