شارپرێس:
سەردانی فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق بۆ دیمەشقو دیداری لەگەڵ ئەحمەد شەرعی سەرۆکى ئهو وڵاتهو مەزهەر ئەلوەیس وەزیری داد، ڕەهەندێکی سیاسیی گرنگی بەخۆیەوە گرتوە کە تێپەڕاندنی دۆسیە دادوەرییە ڕاگەیەندراوەکان نیشاندەدات.
ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداو دیمەشق لەئاستی سیاسییو ئەمنییو ئابورییدا بەرەو وەرچەرخان دەچن، بەتایبەت دوای ئەوەی بەرپرسە عێراقییەکە پیرۆزبایی سەرکەوتنی شۆڕشو ڕزگاربونی لەڕژێمی بەشار ئەسەد لەسەرکردایەتیی نوێی سوریا کرد.
سەبارەت بەم سەردانە، غالب دەعمی شیکەرەوەی سیاسیی عێراقی ئاماژە بەوەدەکات، دۆسیەی دەستگیرکراوانو زیندانییان لەهەردولادا تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان بوە، بەتایبەت کە دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد، ژمارەیەک هاوڵاتی عێراقی لەسوریا دەستگیرکراون.
بەبڕوای دەعمی، ڕێککەوتنە دادوەرییەکانی پێشوو دەکرێت ببنە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی میتۆدێکی نوێ تاوەکو بهگوێرهى چوارچێوە یاساییەکان تۆمەتباران بگەرێندرێنەوە وڵاتەکانی خۆیان.
جەختیشدەکاتەوە، شوێنپێی ئابورییو ستراتیژییەکان بەسەر سەردانەکەوە دیارن؛ بەتایبەت هەوڵەکانی بەغدا بۆ بوژاندنەوەی هێڵی نەوتی کەرکوک - بانیاس تاوەکو بەندەری بانیاس ببێتە دەروازەیەکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق بەرەو دەریای ناوەڕاستو هەمەجۆرکردنی دەروازە ئابورییەکان.
لەلایەکی دیكهوه، بێدەنگی هێزە سیاسییە نزیکەکان لەئێران بەرامبەر ئەم سەردانە سەرنجڕاکێش بوە، بەپێچەوانەی ئەو هێرشانەی پێشتر کرابونەسەر محەمەد شیاع سودانی لەکاتی دیدارەکەی لەگەڵ شەرع لەدەوحە لەنیسانی 2025دا.
ئەحمەد حیالی توێژەری کاروباری عێراق ڕونیدەکاتەوە، شوێنپێی بەهێزی زێدان لەدیمەنی سیاسییو دادوەریی عێراقدا وایکردوە لایەنەکان لەترسی ڕوبەڕوبونەوەی یاسایی خۆیان لەهێرشکردنەسەری بپێچرێنەوە.
حیالی پێیوایە، سەردانەکەی زێدان کە تەنها 10 ڕۆژ دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی ڕێکخرا، ڕێگەی خۆشکردوە بۆ دروستبونی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی سەقامگیرتر.
هەروەها بەدوریشی نازانێت ئەم پێشهاتانە دەرگا بۆ سەردانی بەرپرسانی دیکەی عێراقو ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی ئابوریی هاوبەش بکەنەوە، بێئەوەی لایەنە ناوخۆییەکان بتوانن دژایەتیی بکەن مەگەر تاران ناڕەزایەتیی دەرببڕێت.
پوختەی ئەم ڕوداوانە دەریدەخات کە بەغدا هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق لەئاستی بەرتەسکی ئەمنییەوە بگوازێتەوە بۆ ڕوبەرێکی فراوانتر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابورییو سەربەخۆیی بڕیاردان.
