شارپرێس:
ڕۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازیتا" شیكردنەوەیەکی لەسەر ئاماژەکانی وەرگرتنی پۆستێکی باڵا لەلایەن یەکێک لەسەربازە دێرینە توندڕەوەکانی جەنگی عێراق لەئێران بڵاوکردوهتەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەکردوە، کودەتایەکی نەرم لەلایەن فەرماندە توندڕەوەکان لەناو دەسەڵاتی ئێران ڕویداوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، ئاستە بەرزەکانی دەسەڵات لەئێران گۆڕانکارییان بەخۆوە بینیوە، دوای ئەوەی موحسین ڕەزایی فەرماندەی پێشوی سوپای پاسدارانو کەسی نزیک لەموجتەبا خامنەیی، وەک ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی دەستنیشانکرا.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، لەسایەی سیستەمی سیاسیی ئێستادا ئەم پۆستە گرنگییەکی لەڕادەبەدەر پەیدا دەکات، بەتایبەت کە دەسەڵاتەکانی مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆمار سنوردارنو موجتەبا خامنەییش لەڕاگەیاندنەکانەوە دەرناکەوێت.
لای خۆیەوە فلادیمێر ساجین توێژەری باڵا لەپەیمانگهی لێکۆڵینەوەی ڕۆژهەڵاتناسی سەر بەئەکادیمیای زانستی ڕوسیا بەڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندوە، کودەتایەکی نەرم لەئێران ڕویداوەو ژەنەڕاڵەکانی پاسداران بەبێ دەستکاریکردنی دەستور دەسەڵاتیان گرتوهتەدەست.
ساجین ئاماژەی بەوەشکردوە، موحسین ڕەزایی نوێنەرایەتی ڕەوتی هەرە توندڕەو دەکات، نەک تەنها لەناو دەستەبژێری دەسەڵاتداردا، بەڵکو لەناو ڕیزەکانی سوپای پاسدارانیشدا.
ئەوەش هاتوە، بەدەستەوەگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن ڕەزاییەوە دەریدهخات کە سیاسەتی ناوخۆیی، دەرەکییو سەربازیی ئێران بەرەو قورسترکەرنەوە دەچێتو زیاتر ئیسرائیلو ئەمریکا دەکاتە ئامانج، بەمەش ئەگەری ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەقینە بۆ گەیشتن بەسازش لەئارادا نامێنێت.
