ئایا دواکەوتنی موچە دەبێتە دیاردە؟؛ فەرمانبەران چاوەڕێی وەڵامن

کوردستان

44 خولەک پێش ئێستا‌ 119 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران، شەپۆلێکی نیگەرانی‌و پرسیاری لەناوەندە جیاوازەکاندا دروستکردوە، دوای ئەوەی مانگی ڕابردوش موچە بەهەمانشێوە دواکەوت، ئێستا فەرمانبەران دەپرسن: ئایا ئەمە بارودۆخێکی کاتییە یان دواکەوتنی موچە دەبێتە دیاردەیەکی جێگیر لەسیستەمی دارایی عێراقدا؟


لەکاتێکدا فەرمانبەران بەنیگەرانییەوە چاوەڕێی وادەی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان دەکەن، لایەنە پەیوەندیدارەکان جەختدەکەنەوە، پارەی پێویست بۆ موچە بەردەستە، بەڵام پشتبەستنی تەواوی بودجە بەداهاتی نەوت‌و ناجێگیریی نرخەکان، وایکردوە ترس لەدابیننەکردنی خەرجییە گشتییەکان لای هاوڵاتییان بەردەوامبێت.

ئیخلاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لەپه‌رله‌مانى عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "هیچ ئاماژەیەک بۆ دواکەوتنی موچەی ئەم مانگە نییەو دۆخی دارایی بەرەو باشتربون چوە".

حکومەتی عێراق ڕایگه‌یاندوه‌، دەستیکردوە بەهەناردەکردنی ڕۆژانەى نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لەڕێگەی چەند کۆمپانیایەکەوە، ئەمەش بڕە پارەیەکی باش بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێنێتەوە، هاوكات وەزارەتی دارایی‌و بانکی ناوەندی-ش لێکۆڵینەوەیان لەسەر دۆخەکە کردوەو پێشبینیدەکەن، دابەشکردنی موچە لەوادەی خۆیدا بێت.

ئیخڵاس دلێمی ئاماژەی بەوەکردوه‌، "بودجەی سێ ساڵە بارگرانییەکی زۆری دارایی دروستکردوە"، بەڵام عه‌لى زه‌یدیى سەرۆک وەزیران هەوڵدەدات، ئابوریی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ ببات.

سەبارەت بەدامەزراندنی نوێ لەبودجەی داهاتودا، دلێمى ڕایگەیاندوه‌، "هێشتا هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە نییەو بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش فەرمانبەران چاوەڕێی ئەوەن بزانن ئایا ئەم دڵنیاییانە دەبنە کردار، یان سیناریۆی مانگی ڕابردوو دوبارە دەبێتەوەو گوزەرانیان دەخاتە مەترسییەوە".

بەپەلە