شارپرێس:
محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لەنامەیەکی تونددا بۆ حوسێن شەریعەتمەداری سەرنوسەری ڕۆژنامەی کەیھان، وەڵامی ڕەخنەی توندڕەوەکانی دایەوە سەبارەت بەپرسی دانوستان لەگەڵ ڕۆژئاوا، قالیباف لەنامەکەیدا جەختدەکاتەوە، دانوستان نەک هەر نیشانەی کشانەوە نییە، بەڵکو مەیدانێکی دیکەی خەباتەو ئەوکەسانەی ڕەخنە دەگرن تەنها دەیانەوێت خۆیان لەئەرکە قورسەکان بدزنەوە.
قالیباف لەوەڵامەکەیدا ڕاشکاوانە دەڵێت، "دانوستان لەڕوانگەی منەوە نە بەهایەکی ڕەهایەو نە تابویەکی قەدەغەکراو؛ بەڵکو ئامرازێکە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانو وەرگرتنەوەی مافی گەل لەستەمکاران"، ئاماژە بەوەشدەکات، گفتوگۆ وەک بەشێک لەهێزی دەوڵەت دەبینێت بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانی بەرەی مقاوهمه.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لەبەشێکی زۆر توندی نامەکەیدا، هێرشدەکاتەسەر ئەو لایەنانەی کە خۆیان ناخەنە ناو کێشەکانو تەنها خەریکی تۆمەتبارکردنی تیمەکانن، ئەو دەڵێت، "شان خاڵیکردنەوە لەبەرپرسیارێتی دانوستانو کەمینگرتن بۆ ئەوەی هەر دەستکەوتێکی تیمەکە بەخیانەت ناوببرێت، تەنها ئاسودەخوازییو خۆپارێزییەکی سیاسییە".
ئەو جەختدەکاتەوە، پێویستە مرۆڤ شانی بداتە بەر ئەرکە قورسەکان بۆ ئەوەی وڵات لەو پیلانە مەترسیدارانەی بۆی کێشراوە، بەسەلامەتی ڕزگار بکات.
قالیباف پەیامێکی ناڕاستەوخۆ دەداتە ڕەخنەگرەکانیو دەڵێت، "پاپەندبون بەڕێبەری وەلائیەت، ئەوەنییە تەنها ئەو قسانەی ڕێبەر هەڵبژێریت کە بەدڵی خۆتن؛ بەڵکو پابەندبونە بەهەموو ڕێنماییەکانی، لەوانەش پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانیو دورکەوتنەوە لەدروستکردنی دوبەرەکیی زیانبەخش".
لەکۆتاییدا، قالیباف وێنەی عەقڵانییەتی شۆڕشگێڕانە دەکێشێتو ڕایدەگەیەنێت، وەک چۆن دژی ڕۆژئاواخوازییو تەسلیمبونە، بەهەمانشێوە دژی توندڕەوی، بێباوەڕی بەخەڵکو دورخستنەوەی هاوڵاتییانە لەدەسەڵات، ئەو دەشڵێت، "پێویستە هەموو 90 ملیۆن هاوڵاتییەکەی ئێران بەناوکی سەرەکیی وڵات بزانینو بەعەقڵانییەتو واقعبینییەوە بەرگریی لەئامانجەکانمان بکەین".
ئەم نامەیەی قالیباف وەک هەوڵێک بۆ شەرعییەتدان بەدیپلۆماسیو دانوستان دەبینرێت کە تێیدا سەرۆکی پەرلەمان دەیەوێت بڵێت، "دانوستان بەشێکە لەجەنگو ئەوانەی تەنها ڕەخنە دەگرن، لەڕاستیدا دەترسن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن".
